ئیسرائیل: ئێمە پێگەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان بۆردوومان دەکەین نەوەک خەڵکی سڤیل

23-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە شەڕی حیزبوڵڵا تاوەکو چەکدارەکان لە سنوور دوور دەکەونەوە، ئەو هەروەها گوتی: "حیزبوڵڵا خەڵک وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت و چەک لە ماڵەکانیان دەشارێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە 23-09-2024 دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە پێگەکانی حیزبوڵڵا دەکەینە ئامانج نەوەک خەڵکی سڤیل، بەڵام حیزبوڵڵا خەڵکی سڤیل دەکوژێت."
 
رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی باشووری لوبنانی کرد و رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 300 پێگەی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج."
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی بیقاع و بەعلبەک لە رۆژهەڵات. 492 کەس گیانیان لەدەستداوە وهەزار و 645 کەسیش بریندارن.
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: "حیزبوڵڵا هاووڵاتیی سڤیل لە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج و لەنێو ماڵی خەڵکانی سڤیلەوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات. حیزبوڵڵا چەکەکانیان لەنێو ماڵی خەڵکی سڤیل دا شاردووەتەوە." 
 
گوتەبێژەکە کە قسەی بۆ رۆژنامەڤانە بیانییەکان دەکرد گوتی، ئەوان چاویان لە جەنگ نییە بەڵکو تەنیا دەیانەوێت "هەڕەشەکان نەهێڵن." ئەو دووپاتیشی کردەوە، ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدەستبهێنن.
 
بە گوتەی هاگاری لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە حیزبوڵڵا 9000 مووشەک و درۆنی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە، تەنیا لە هەفتەی رابردوو 700 مووشەکیان بە ئاراستەی ئیسرائیل تەقاندووە. 
 
هاگاری رایگەیاند، هێزەکانیان شەڕی حیزبوڵڵا دەکەن تاوەکو بزووتنەوە لوبنانییەکە لە سنووری باشووری لوبنان دووردەخەنەوە و ئەو 60 هەزار ئیسرائیلییە دەگەڕێنەوە دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان، کە بەهۆی هەڕەشەکانی حیزبوڵڵاو ئاوارە بوون.
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل جەنگەکەی بە غەززە چوواند و گوتی، نایانەوێت حەوتی ئۆکتۆبەرێکی دیکە وەک ئەوەی غەززە دووبارە ببێتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "تکایە، هەر ئێستا لە ناوچەکە مەترسیدارەکان دووربکەونەوە، کاتێک ئۆپەراسیۆنەکانمان تەواو بوون، بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆتان."
 
لەلایەکی دیکە، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە لە ئیسرائیل بگرن ،چونکە "پلانی داناوە شارۆچکە و گوندەکانی لوبنان لەنێو ببات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە