رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای هەڵکردنی ئاڵای لوبنان و فەڵەستین لە پاڵ ئاڵای عێراق دەکات.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئێوارەی دووشەممە 23-09-2024 راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی لوبنان و غەززە بڵاوکردەوە، تێیدا داوادەکات، ئاڵای لوبنان و فەلەستین لەپاڵ ئاڵای عێراق لەسەر خانوو، باڵەخانە، شوێنە، رێگە و کۆڵانەکان بەشێوەیەکی کاتی هەڵبکرێت.
موقتەدا سەدر داواش دەکات رۆژانە دوای نوێژی بەیانی و مەغریب، نزای هیوا بۆ بەیرووت و قودس/ئۆرشەلیم بکرێت. هەروەها دەڵێت، "موجاهیدان" بەتایبەتی لە لوبنان پێویستیان بە دەرمان و چارەسەر و پزیشکە، ئەوەی پێی دەکرێت، هاوکاریان بکات.
موقتەدا سەدر، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی پەرلەمانی عێراق بووە هێزی یەکەم، لە رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2022، کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی راگەیاند و لەو کاتەوە جار جار داوای خۆپێشاندان و نوێژی یەکگرتوویی دەکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گەیشتنە لووتکە، سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو، هەزاران ئامێری پەیوەندیی پەیجەر و بێتەل لە لوبنان تەقینەوە و لانیکەم 39 کەس کوژران و هەزارانی دیکە بریندار بوون.
موقتەدا سەدر داوای کردبوو هەینی رابردوو نوێژی ملیۆنی بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین بکرێت، بەڵام دوای تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی پەیجەر و بێتەل لە لوبنان، رایگەیاند، چیدی نوێژی ملیۆنی سوودی نییە.
رۆژی هەینیش، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵڵا و چەندین ئەندامی دیکەی باڵای بزووتنەوەکە کوژران.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، حیزبوڵڵا رۆژی یەکشەممە زیاتر لە 100 مووشەکی گرتە باکووری ئیسرائیل و بەشێکیان لە نزیک شاری حەیفا کەوتنە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر لوبنان و تاوەکو ئەمڕۆش هێرش و وەڵامدانەوەی ئەو دوو لایەنە بۆ یەکدی بەردەوامە.
بەپێی ئاماری تەندروستیی لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان 356 کەس کورژاون و 1246 کەسیش بریندار بوون، لە نێو کوژراوەکاندا 24 منداڵ و دوو ژن هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ