رووداو دیجیتاڵ
میری قەتەر لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی ئیسرائیل کە سەرکردە سیاسییەکانی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج، هەوڵێکی ئیسرائیل بوو بۆ پەکخستنی دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززە.
رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر گوتی، "ئەوان [ئیسرائیل] لەگەڵ شاندەکان دانوستاندن دەکەن و پیلان بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی تیمەکانی دانوستاندن دادەڕێژن. ئەستەمە هاوکاری لەگەڵ عەقڵیەتێکی لەو شێوەیە بکرێت کە رێز لە کەمترین پێوەرەکانی هاوئاهەنگی ناگرێت. ئەمە ئەستەمە."
رۆژی 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماسی لە دەوحە بۆردوومان کرد. لەو هێرشەدا 6 کەس کوژران، بەڵام سەرکردە باڵاکانی حەماس سەلامەت بوون.
میری قەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئیسرائیل لە غەززە ئەوەیە کەرتەکە وێران بکات، "بۆئەوەی بۆ ژیانکردن نەشێت و کەس نەتوانێ تێیدا بخوێنێت یان چارەسەر وەربگرێت."
بە گوتەی میری قەتەر، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "وازی لە بیرۆکەی ئازادکردنی بارمتەکان هێناوە."
شێخ تەمیم لەبارەی نەتەنیاهوو گوتیشی، "سەرکردەی ئیسرائیل دەیەوێت درێژە بە شەڕ بدات و باوەڕی بەوە هەیە کە پێی دەگوترێت ئیسرائیلی گەورە."
میری قەتەر لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "ئیسرائیل دەستی داوەتە جینۆساید و سەرکردەکەی شانازی بە رێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەکات، بەڵێن دەدات دەوڵەتێکی لەو شێوەیە هەرگیز دانەمەزرێت و شانازی بە رێگریکردن لە ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەکان دەکات و لە داهاتووشدا رێگری لە ئاشتییەکی لەو شێوەیە دەکات."
بە گوتەی میری قەتەر، "ئیسرائیل بەو وڵاتانە دەورەدراوە کە رێککەوتنی ئاشتییان لەگەڵ واژۆکردووە یان پابەندن بە دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی. بەڵام ئیسرائیل تەنیا بە ئاگربەست و دروستکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان ناوەستێ؛ دەیەوێ ئیرادەی خۆی بەسەر دراوسێ عەرەبەکانی دەوروبەریدا بسەپێنێت."
شێخ تەمیم ئەوەشی خستەڕوو کە هەر کەسێک دژی سەپاندنی ئیرادەی ئیسرائیل بوەستێتەوە بە دژەجوو یانیش بە تیرۆریست تۆمەتبار دەکرێت، "تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلیش ئەم راستییە دەزانن و رەتیدەکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ