رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی لوبنان، دوو کەس کوژراون. هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێگەکانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "ئەو هێرشانەی دووژمنی ئیسرائیلی کردییە سەر زنجیرە چیاکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەپێی ئاماری سەرەتایی بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس."
پێشتر ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی فەرمیی لوبنان (NNA) رایگەیاندبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی تووندیان کردووەتە سەر زنجیرەچیای رۆژهەڵات، لە ناوچەی بیقاع لە نزیک سنووری سووریا. ئاژانسەکە هەروەها رایگەیاند، دوو هێرشی ئیسرائیل زنجیرەچیای هەرملی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێگەکانی حیزبوڵڵای لە رۆژهەڵات و باکووری لوبنان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا "کەمپێکی سەربازی و شوێنێکی بەرهەمهێنانی مووشەکی ورد" لە دۆڵی بیقاع.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "چەندین ئامانجی تیرۆریستی"ـیان لە بیقاع پێکاوە، لەنێویاندا "کەمپێک کە بۆ راهێنانی چەکدارانی حیزبوڵڵا بەکاردەهێنرا." هەروەها گوتیشی، "ژێرخانی سەربازییان لە شوێنێکی بەرهەمهێنانی مووشەکی ورددا" پێکاوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "پێگەیەکی سەربازیی حیزبوڵڵا"ـیان لە ناوچەی شەربینی باکووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل سەرەڕای ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی دووەم، کە کۆتایی بە زیاتر لە ساڵێک لە جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵادا هێنا، چەندینجار لوبنانی بۆردوومان کردووە. وەک بەشێک لەو رێککەوتنەکە، بڕیاربوو هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێنەوە و حیزبوڵڵاش هێزەکانی لە ناوچەکەدا چەک بکات.
لەژێر گوشاری ئەمریکا و لە ترسی پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل، حکومەتی لوبنان دەستی بە هەنگاونان کردووە بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا، پلانێک کە بزووتنەوە چەکدارییەکە و هاوپەیمانەکانی دژی دەوەستنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ