بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە دەستگیرکرا

23-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی نەخۆشخانەی شیفا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی شیفای لەگەڵ چەند دکتۆر و ستافێکی دیکە دەستگیرکرد. دوای چۆڵکردنی نەخۆشخانەکە و چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس تونێلیان لە ژێر نەخۆشخانەکە هەیە و لەوێوە "کردەوەی تیرۆریستی" دەکەن، حەماسیش ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، خالید ئەبو سامرا، بەڕێوەبەری بەش لە نەخۆشخانەی شیفا رایگەیاند، "دکتۆر محەممەد ئەبو سالمە، بەڕێوەبەری گشتی و چەند دکتۆرێک و ستافێکی دیکەی نەخۆشخانەی شیفا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکران."
 
نەخۆشخانەی شیفا، هەروەک سوپای ئیسرائیل پێشتر رایگەیاند، بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس بووە و تونێلیان لە ژێرەوە هەیە. رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تونێلێکیان لە ژێر کۆگەیەکی نەخۆشخانەی شیفا دۆزیوەتەوە. بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی سوپا، تونێلەکە 10 مەتر قووڵە و 55 مەتر درێژە.
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسێکی حەماسە، گوتی، "هیچ نێوەندێک و ژووری ئۆپەراسیۆنی حەماس لەنێو نەخۆشخانەی شیفادا نییە؛ وەک هەمیشە ئێمە بەردەوام لە نەخۆشخانەکان دووردەکەوینەوە؛ هەموو ئەوەی ئیسرائیل دەربارەی نەخۆشخانە دەیڵێت درۆیە."
 
پێشووتر لە رۆژی هەینی، 17ـی تشرینی دووەم، سوپای ئیسرائیل چەند دیمەنێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "ئەوانە تونێلی حەماسن لەژێر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە و لەنێو تونێلەکەش تەرمی بارمتەیەکمان دۆزیوەتەوە".
 
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر تەواوی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە چڕکردووەتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات کە دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ مەرامی سەربازی بەکاردەهێنێت. لە هەمانکاتدا دەیانکاتە قەڵخانی مرۆیی بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
 
رۆژی 18-11-2023، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا گوتی، فەرمانیان پێکراوە "لە یەک کاژێردا" نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن، لەکاتێکدا بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو هەزار و 300 نەخۆش، بریندار و ئاوارەی تێدا بووە کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بەڵام ناچار کراون هەرچۆنێک بێت نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا باسی دۆخی نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری کەرتی غەززە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی تیمێکی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان چووە نەخۆشخانەکە و راپۆرتێکی لەبارەیەوە ئامادە کرد. 
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشماوەی هێرشی ئاسمانی و شەڕ و پێکدادان بە نەخۆشخانەکەوە دیارە و دەشڵێت، "لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا تیمەکەمان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان بینی کە پێیان راگەیێندراوە لانیکەم 80 تەرمی تێدایە." 
 
ئەو نەخۆشخانەیە، پێش جەنگ گەورەترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەی کەرتەکە بوو، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکان و بەهۆی زۆربوونی بریندار، کوژراو، کەمیی سووتەمەنی، کارەبا و دەرمانەوە رووبەڕووی گوشاری گەورە بووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە