رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومان کرد و رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، سوپاسالاری بزووتنەوەی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج. تەندروستیی لوبنانیش دەڵێ، یەک کەس کوژراوە.
رۆژی یەکشەممە 23-11-2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو فەرمانی ئەو هێرشەی داوە کە رۆژی یەکشەممە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کرا و "سوپاسالاری" گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای کردە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێکە ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل راگەیێندراوە، بەڵام لەوکاتەوە ئیسرائیل لە هێرشەکانی نەوەستاوە و حیزبوڵڵای بە دووبارە خۆڕێکخستنەوە تۆمەتبار کردووە.
لە راگەیێندراوێکی کورتدا هاتووە: "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، لە دڵی بەیرووتدا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سوپاسالاری حیزبوڵڵا، کە سەرکردایەتیی بەهێزکردن و دووبارە پڕچەککردنەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکەی دەکرد." راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، نەتەنیاهوو "فەرمانی هێرشەکەی کردووە".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئیسرائیل مکوڕە لەسەر ئەوەی لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێکدا کار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بکات."
هەیسەم تەباتەبائی، سوپاسالاری حیزبوڵڵایە و لەدوای نەعیم قاسم، ئەمنیداری گشتییەوە بە دووەم بەهێزترین کەسی نێو بزووتنەوەکە سەیر دەکرێت. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی کوژرانی ئەو سوپاسالارەی بڵاونەکردووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کوژرانی یەک کەس و برینداربوونی 21 ی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "من و سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو، مکوڕین لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە لوبنان. لەکار کردن بەردەوام دەبین بۆ رێگریکردن لەهەر هەڕەشەیەک بۆ سەر دانیشتووانی باکوور و دەوڵەتی ئیسرائیل."
کاتس هەروەها رایگەیاند، رێگە نادەن بگەڕێنەوە "واقیعی 7ـی تشرینی یەکەم."
لە بەرامبەردا حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: "رێگە بە حیزبوڵڵا نادەین هیچ هەڕەشەیەک دروستبکات."
ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی کابینەی جەنگیی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو بەڕێوەچوو. نەتەنیاهوو لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "لە چەندین بەرەوە لە لێدانی تیرۆر بەردەوامین."
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل چەندین ئامانجی لە لوبنانی دراوسێ پێکا و سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، لە چەندین سەکۆی مووشەکی و پێگەی سەربازیی حیزبوڵڵای داوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "کۆتایی ئەم هەفتەیە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی هەموو کارێکی پێویست بۆ رێگریکردن لەوەی حیزبوڵڵا توانای هەڕەشەکانی دژی ئێمە بنیات بنێتەوە."
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، بزووتنەوەی حیزبوڵڵا هاوپەیمانێتیی خۆی بۆ حەماس راگەیاند و چووە بەرەی دژی ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ