ئێران رەتیدەکاتەوە دەستی لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سووردا هەبێت

23-12-2023
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی لە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور هەبێت و رایگەیاند: "حووسییەکان خۆیان بە ویستی خۆیان کاردەکەن."
 
رۆژی شەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2023، عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بەرهەڵستکارەکان [حووسییەکان] ئامرازی خۆیان هەیە و بە بڕیار و توانای خۆیان کاردەکەن."
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان کە بەهۆی هێرشەکانەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دەبێت توانای هێزە بەرهەڵستکارەکان لەبەرچاو بگرن."
 
ئەو گوتانەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە دوێنێ کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، "ئێران درۆن، مووشەک و زانیاریی تەکتیکیی هەواڵگری بە حووسییەکانی یەمەن داوە."
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، وەکو پاڵپشتییەک بۆ فەلەستینیەکانی کەرتی غەززە حووسییەکانی یەمەن بە زیاتر لە 100 درۆن و مووشەکەوە 10 کەشتییان لە دەریای سوور بە ئامانج گرتووە. 
 
هەر ئەمڕۆش محەممەد رەزا نەقدی، فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بن لەو "تاواناکانیان" لە غەززە ئەوا دەبێت "ئەوان [ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی] چاوەڕێی داخستنی دەریای نێوەڕاست و رێڕەوە ئاوییەکان ببن".
 
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە. 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە