رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئوردن بۆ سەر چەند ئامانجێک لە سووریا، حکومەتی دیمەشق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئوردنی بەوە تۆمەتبار کرد کە سنوورەکانی واڵابووە بۆ پەڕینەوەی تیرۆریستان بۆ سووریا. ئوردنیش لە وەڵامدا ئەم قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ کاتێک سنوورەکانمان رێڕەوی پەڕینەوەی تیرۆریستان نەبوون".
رۆژی 18ـی کانوونی دووەمی 2024، هێزی ئاسمانیی ئوردن، هێرشیکردە سەر دوو خانوو لە ناوچەی عەرمانی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سوەیدای سووریا و 10 کەس کوژران.
هێرشەکەی ئوردن لە چوارچێوەی شەڕی دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و حەبی کاپتاگۆنە، ئەم ساڵ ئەمە سێیەمین جارە هێزی ئوردن بۆ ئەو مەبەستە هێرش دەکاتە سەر سووریا. لە هێرشەکەدا دوو خانوو کرانە ئامانج. لە یەکەمیاندا حەوت کەس کوژران و لە دووەمیشیاندا سێ کەس، جگە لە کردنە ئامانجی کۆگایەک لە گوندی ملح لە پارێزگای سوەیدا.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2024، هێرشە ئاسمانییەکەی ئوردن بە تووندی سەرکۆنە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە بێ پاساو بووە و بووەتە هۆی کوژرانی ژن و منداڵ، "سووریا نایەوێت گرژییەکان پەرەبسێنێت و دان بەخۆیدا دەگرێت، بەڵام ئەوەی ئوردن کردوویەتی پێچەوانەی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکە بووە لەبارەی پاراستنی سنوورەکان."
هەروەها باسی لەوەکردووە کە لە 2011ـەوە دەیان هەزار تیرۆریست و ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی لە سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێ بە ئوردنەوە گەیێندراونەتە سووریا کە بەهۆی ئەمانەوە، دەیان هەزار هاووڵاتی کوژراون و بریندار بوون و دەیان هەزار ماڵ و باڵەخانە لە سووریا خاپوور کران.
هەمان رۆژ وەزارەتی دەرەوەی ئوردنیش وەڵامی راگەیێندراوەکەی حکومەتی سووریای دایەوە و رایگەیاند، ئوردن هەمیشە لە هەوڵدابووە بۆ چارەکردنی قەیرانی سووریا بەشێوەیەک کە ئاسایش و یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکانی بپارێزێت و لە تیرۆر و مافیاکانی مادەی هۆشبەر رزگاریان بێت و ئاواتەکانی گەلی سووریا بەدی بکرێت".
هەروەها هاتووە، "سنوورەکانی ئوردن وەک چۆن رێڕەوی پەڕینەوەی تیرۆریستان نەبوون، هیچ کاتیش سەرچاوەی هەڕەشە نەبوون بۆ سەر ئاسایشی سووریا. بەپێچەوانەوە هەمیشە پاڵپشتی سووریا بووە بە حکومەت و گەلەکەی. ئوردن بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سنوورەکانی و هەمیشە گورزی بەهێز ئاراستەی هەر کەس و گرووپێک دەکات کە دەبنە مەترسی بۆ ئاسایش و خاکەکەی".
هێرشە ئاسمانییەکە لە کاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە سوپای ئوردن هێرشەکانی بۆسەر بازرگانانی مادەی هۆشبەر زیادکردووە. رۆژی 6ی ئەم مانگە سوپای ئوردن بڵاویکردەوە، هێزێکی پاسەوانی سنووری وڵاتەکەی و "گرووپێکی گەورەی قاچاخچیان"ی مادەی هۆشبەر لە سنووری سووریا شەڕیان کردووە.
حکومەتی ئوردن هێزێکی گەورەی پاسەوانی سنووری لەسەر سنووری وڵاتەکەی و سووریا جێگیر کردووە و دەڵێت، لەو رێگەیەوە رێگە نادات قاچاخچیان مادەی هۆشبەر ببەنە نێو ئوردنەوە.
حەبی کاپتاگۆن بەزۆری لە سووریا بەرهەم دەهێندرێت و لەوێوە رەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت، لەوانەش سعودیە و عێراق.
هەرچەندە دیمەشق رەتیدەکاتەوە هیچ رۆڵێکی لەو بازرگانییەدا هەبێت، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە رێگەی دروستکردنی حەبەکە و بازرگانییەکەوە ملیاران دۆلاری دەستکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ