سوپای ئیسرائیل: گەمارۆی شاری خان یونسمان داوە

24-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل لە نوێترین راگەیێندراویدا دەڵێت، سەربازەکانیان گەمارۆی شاری خان یونسیان داوە و گومان دەکەن کە سەرکردە و چەکداری حەماس لەو شارەدا بن.

رۆژی چوارشەممە، 24-1-2024، سوپای ئیسرائیل بە تانک و زرێپۆشەوە چوونە باشووری کەرتی غەززە و گەمارۆی شاری خان یونسیان دا کە گەورەترین شاری باشووری ئەو کەرتەیە و گومان دەکەن سەرکردە و چەکدارانی حەماس خۆیان و چەند بارمتەیەکیان لە توونێلەکاندا شاردبێتەوە.
 
دانیشتووانی ئەو شارە دەڵێن، تانکەکان رێگەی نێوان شارەکە و کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاستیان گرتووە و هیچ رێگەیەکیان بۆ راکردن بۆ دەرەوەی خان یونس نەهێشتووەتەوە. هەرچەندە سوپای ئیسرائیل پێشتر بە خەڵکی خان یونسی گوتبوو کە روو لە ناوچەی مەواسی بکەن لە سەر کەناراوی دەریای نێوەڕاست.
 
رۆژی دووشەممە، دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دەورووبەری کاژێر 04:00ـی  ئێوارە، چەکدارانی حەماس لە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی هێزەکانیانی کردە ئامانج کە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی تێدابووە و باڵەخانەکەیان بەسەردا رماوە، لەئەنجامدا زۆربەی سەربازەکان کوژراون کە ژمارەیان 24 سەربازە. ئەمەش زۆرترین ژمارەی سەربازی ئیسرائیلییە، کە لە رۆژێکدا کوژرابن لەوەتەی هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە.
 
بەگوێرەی ئەو گوتەبێژە، لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، 200 سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە کوژراون.
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 195 فەلەستینی کوژراون و تائێستا لە دەستپێکی شەڕەوە ژمارەی کوژراوان 25 هەزار و 400 کەسە و زۆرینە ژن و منداڵن.
 
ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد دوای ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەگوتەی تەلئەڤیڤ، زیاتر لە 1140 کەسی کوشت، 220 کەسیشی بە بارمتە گرت کە 132ـیان تاوەکو ئیستا لە دەست حەماسدا ماون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە