رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، رۆژی 26-01-2025 سوپای وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە. بەرپرسێکیش دەڵێت، ئیسرائیل داوای کردووە 30 رۆژی دیکەی بۆ کشانەوە پێبدرێت. حیزبوڵڵاش دەڵێت، "ئەوە پێشێلکارییەکی بێشەرمانەیە."
رۆژی هەینی 24-01-2025 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل کەوتووەتە سەر گەیشتنی هێزەکانی سوپای لوبنان بۆ باشووری وڵاتەکە. ئاگربەستەکە لەلایەن لوبنانەوە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بە پلەبەندی دەبێت و بە هاوئاهەنگیی ئەمریکا دەبێت."
بەگوێرەی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، کە لە تشرینی دووەمی پار بە نێوەندگیریی ئەمریکا کرا، ئیسرائیل پێویست بوو دوای 60 رۆژ لە ئاگربەستەکە کە 26-01-2025ـە، لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی UN جێگەی بگرنەوە.
هەروەها، بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەست، حیزبوڵڵا پێویست بوو بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێتەوە، واتە 30 کیلۆمەتر دوور لە سنوور.
دوێنێ پێنجەشممە 23-01-2025 حیزبوڵڵا هۆشداریدا، ئەگەر هێزەکانی ئیسرائیل دوای یەکشەممە لە لوبنان بمێننەوە، "ئەوە بە مانای پێشێلکردنێکی بێشەرمانەی ئاگربەست دێت."
حیزبوڵڵا هەروەها گوتی، پێشێلکاریی ئیسرائیل لە ئاگربەستەکە بە مانای ئەوە دێت، دەبێت دەوڵەتی لوبنان "هەرچییەکی لەدەست بێت بیکات و بەکاری بێنێت بۆ ئەوەی ئەو خاکەی داگیرکار گرتوویەتی، وەریبگرێتەوە."
دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، حیزبوڵڵا هاوسۆزیی خۆی بۆ حەماس راگەیاند و بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە.
ئەیلوولی پار بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان چڕبوونەوە و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی ئەو کاتی بزووتنەوە لوبنانییەکە کوژرا.
رۆژی 01-10-2024 سوپای ئیسرائیل چووە باشووری لوبنان و کۆنترۆڵی بەشێکی کرد.
بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوت: "حکومەتی ئیسرائیل داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە کە دەیەوێت هێزەکانی بۆ 30 رۆژی دیکە لە لوبنان بمێننەوە. کابینەی جەنگیی ئیسرائیلیش شەوی 23ـی ئەم مانگە لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەی کردووە."
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئیدارەی ترەمپ وەڵامی ئەم داواکارییەی دابێتەوە یانیش لوبنانی لەو داواکارییە ئاگادار کردبێتەوە.
ئاگربەستەکەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە سەردەمی ئیدارەی بایدن کرا و ئەمریکا نێوەندگیری کرد.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "دەکرێت ماوەکە دەستکاری بکرێت"؛ راشیگەیاند: "هێزەکانی سوپای لوبنان ئەوەیان پیشانداوە کە پابەندی، خواست و توانایان هەیە رێکخستنەکان تەواو بکەن."
مایکڵ هێرزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا بە رادیۆی ئیسرائیلی راگەیاند، ئەو 60 رۆژەی لە ئاگربەستەکە ئاماژەی پێدراوە "بە بەرد نەنووسراوەتەوە."
هێرزۆگ گوتی: "ئێمە ئێستا خەریکین دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەمان بۆ درێژ بکەنەوە تاوەکو سوپای لوبنان دەنێردرێتە باشوور و مەرجەکانی ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکرێن."
دەیڤد مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لەبارەی کشانەوەی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا بۆ ئەوبەری رووباری لیتانی گوتی: "جووڵە هەیە، بەڵام خێرا نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ