رووداو دیجیتاڵ
حەماس دەڵێت، چوار ژنە سەربازی ئیسرائیلییان دەستنیشان کردووە بۆئەوەی سبەی رادەستی ئیسرائیلیان بکەنەوە. ئیسرائیلیش دەڵێت، ناوی چوار بارمتەکەیان بەدەست گەیشتووە.
رۆژی هەینی 24-01-2025 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان، کەتیبەکانی قەسام بڕیاریدا سبەی چوار ژنە سەرباز رادەستبکەن."
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە ناوی چوار بارمتەکەیان بەدەست گەیشتووە.
بارمتەکان بریتیین لە کارینا ئەریێڤ، ناما لێڤی، دانیێڵا گیلبۆوا و لیری ئالباگ.
رۆژی 19-01-2025 رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەستیپێکرد. ئەو رۆژە بزووتنەوەی حەماس سێ ژنە بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکرد و رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل 90 بەندکراوی فەلەستینی کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ بوون، لە زیندانەکاندا بردە دەرەوە و ئازادی کردن.
هەر بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل پێویستە لە ناوچە سڤیلنشینەکان بکشێتەوە و دەرگەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆییش بۆ غەززە بکاتەوە.
ئەمە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەیە و 42 رۆژ دەخایەنێت. بڕیارە لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتە ئازاد بکات.
دوو لایەنە شەڕکەرەکە لە ماوەی قۆناخی یەکەمدا دانوستاندن دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر قۆناخی دووەم رێکبکەون کە راگرتنی یەکجاریی جەنگە و دواتریش ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکەیە.
ئاگربەستی غەززە رۆژی 15-01-2025 لە دەوحە بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا راگەیێندرا.
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد و تێیدا حەماس نزیکەی 250 کەسی بە بارمتە گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ