چەند گەشتیارێکی ئیسرائیل لە سینا: لێرە سیاسەت و ئایین خەڵک لەیەکدی جیاناکەنەوە

24-06-2022
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
ئەمساڵ 334 هەزار گەشتیاری ئیسرائیلی چوونەتە نیمچەدوورگەی سینای میسر
ئەمساڵ 334 هەزار گەشتیاری ئیسرائیلی چوونەتە نیمچەدوورگەی سینای میسر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیلییەکان دەتوانن بێ ڤیزا سەردانی سینای میسر بکەن، بەڵام بۆ ناوچەکانی دیکە پێویستیان بە ڤیزایە. گەشتیارێکی میسری دەڵێت؛ هیچ شتێک نییە بەناوی جیاکاری، لێرە سیاسەت یان ئایین خەڵک لەیەکدی جیاناکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە 334 هەزار گەشتیاری ئیسرائیلی چوونەتە سینا و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ژمارەکە بگەڕێتەوە دۆخی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا. 
 
بەشێک لە گەشتیارە ئیسرائیلییەکان لە کەناراوەکان یۆگا دەکەن، خۆشحاڵن کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەیان و میسر هێندە باشە بێ ترس و نیگەرانی دەتوانن سەردانی ئەو وڵاتە بکەن. 
 
گالیا مادۆ، گەشتیاری ئیسرائیلی دەڵێت، "هەستێکی زۆر تایبەتم هەیە کە لە سینام؛ لە دڵمدا هەست دەکەم لە وڵاتی خۆمدام. هەست بە بەختەوەرییەکی زۆر دەکەم کە خولیا و خۆشەویستیم بۆ یۆگا و جوڵە و گەڕان بەدوای هۆشیاریی جەستە و بیر و هەستم دەهێنمە ئێرە. ئێرە شوێنێکی تایبەتە کە دەکەوێتە نێوان دەریای سوور و چیاکان و ئەوەش وا دەکات زۆرم خۆش بوێت."
 
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، گەورە و بچووک بە گرووپ یان بە تەنها سەرقاڵی یۆگان. میوزیک دەژەنن و گۆرانی دەڵێن. گەشتیارانی میسریش لەوێن و خۆشحاڵن هەموویان پێکەوەن و ئەو جیاوازی و رق و کینەیەی لە بەشێكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، لەوێ نابینرێت. 
 
سامیع محەممەد، گەشتیارێکی میسری دەڵێت، "ژیان لێرە بە شێوەیەکی تایبەتی خەڵکی کۆدەکاتەوە؛ لێرە هیچ شتێک نییە بە ناوی جیاکاری. مەبەستم ئەوەیە لیرە سیاسەت یان ئایین نییە کە خەڵکی لەیەک جیا بکاتەوە. خەڵکی لێرە لە ئارامییەکی تایبەت دەژین و بڕوام وایە ئەمە ئەوەیە کە خودا داوای دەکات لە ئێمە."
 
لە ساڵی 2019دا 1.4 ملیۆن گەشتیاری ئیسرائیلی سەردانی سینایان کردووە. لە ساڵی 2021دا و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ژمارەکە بۆ 335436 گەشتیار دابەزی.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 334000 گەشتیاری ئیسرائیلی چوونەتە سینا و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ژمارەکە بگەڕێتەوە دۆخی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە