رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی قەتەر، بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێرانیان داوەتەوە کە کرابووە سەر بنکەی ئاسمانیی عەدید لە قەتەر.
سێنتکۆم رایگەیاند، بەهۆی وەڵامدانەوەی "پیشەگەرانە، خێرا و هاوئاهەنگ"ـی هێزەکانی ئەمریکا و قەتەر، هێرشە مووشەکییەکە لە رێگەی پاترییۆتی ئەمریکی و قەتەرییەوە تێکشکێنرا و هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانی ئەمریکا و قەتەر نەکەوتووە.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بە پەیوەندیی سەربازیی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و قەتەر کراوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 50 ساڵ دەگەڕێتەوە.
جەنەراڵ مایکڵ ئێریک کورێلا، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە سەربازەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە. رکابەرەکانمان نابێت هیچ گومانێکیان لە ویست و تواناکانمان هەبێت."
ئەم بڵاوکراوەیە وردەکاریی ئەو هێرشە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێران رۆژی دووشەممە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی، کردییە سەر بنکەی ئاسمانیی عەدید. پێشتر بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە 13 مووشەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدان کە گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیلیشدا گەیشتوونەتە لووتکە و هەردوولا هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەواڵی رێککەوتنێکی ئاگربەستی راگەیاندووە کە بەپێی زانیارییەکان، قەتەر رۆڵی نێوەندگیریی سەرەکیی تێدا گێڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ