ئیسرائیل هەڕەشە دەکات و ئێران رەتیدەکاتەوە لەدوای ئاگربەست مووشەکی تێگرتبێت

24-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران رەتیدەکاتەوە لەدوای ئاگربەست هێرشی مووشەکیی نوێی کردبێتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرپەرچی دوو مووشەکی ئێرانیان داوەتەوە و بڕیاری دا "بە تووندی" هێرش بکاتە سەر نێوەڕاستی تاران.
 
چەند کاژێرێك دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، سوپای ئیسرائیل گوتی، بەرپەرچی دوو مووشەکی داوەتەوە، گوایە لە ئێرانەوە هاوێژرابوون.
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە "بە تووندی وەڵامی پێشێلکارییەکەی ئێران لە دژی ئاگربەست بدەنەوە و، "هێرش بکەنە سەر پێگەکانی رژێم و تیرۆر لە نێوەڕاستی تاران."
 
بەڵام فەرماندەیی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران رەتیکردەوە هیچ مووشەکێکی نوێیان بە ئیسرائیلەوە نابێت.
 
ترەمپ کەمێک دوای کاژێر 08:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، "ئێستا ئاگربەست لە واری جێبەجێکردندایە. تکایە پێشێلی نەکەن."
 
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، ئێران و ئیسرائیل رێککەوتوون قۆناخ بە قۆناخ شەڕ بوەستێنن.
 
هەروەها باسی لەوە کردبوو کە سەرەتا ئێران هەموو هێرشەکانی دەوەستێنێت و 12 کاژێر دواتر ئیسرائیلیش هەمان شت دەکات.
 
ئیسرائیل "رازیبوونی" خۆی بە ئاگربەستەکە راگەیاندبوو.
 
باڵاترین دامەزراوەی ئەمنیی ئێران کە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە، رایگەیاند، ئیسرائیلی "ناچار کردووە ئاگربەستی تاکلایەنانە" رابگەیێنێت، گوتیشی، وڵاتەکەیان "لەو پەڕی ئامادەییدا" دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی "وەڵامی هەر دوژمنکارییەک بداتەوە."
 
ئەنجوومەنەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەرگریی ئێران لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بووە هۆی "سەرکەوتنێک کە دوژمنی ناچارکرد پاشگەز بێتەوە، شکست قبوول بکات و دوژمنکارییەکانی بە شێوەیەکی تاکلایەنانە بوەستێنێت. 
 
گوتیشی، هێزەکانی ئێران "لەوپەڕی ئامادەییدان و پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە، ئامادەی وەڵامی جەرگبڕ و پەشیمانکەرەوەن بۆ هەر دوژمنکارییەک."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاسالار ئیال زامیر گوتوویەتی، "لە وەڵامی ئەم پێشێلکارییە گەورەیەی رژێمی ئێرانی لە دژی ئاگربەست، بە هێزەوە لێی دەدەین."
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی دووپاتیکردەوە کە بەرپەرچی دوو مووشەکی ئێرانیان داوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.