سەرۆکی فەرەنسا لە ئیسرائیلە

24-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی رۆژی سێشەممە 24-10-2023 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە تەلئەڤیڤ بۆ گەیاندنی پەیامی "پاڵپشتی"ی فەرەنسا بۆ گەلی ئیسرائیل.

سەردانەکەی ماکرۆن دوای دوو هەفتە دێت لە ‌هێرشەکانی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە تائێستا لانیکەم 6000 کەس لە هەردوولا کوژراون، هەروەها 30 هاووڵاتیی فەرەنسی لەنێو کوژراوەکاندان.

بەگوێرەی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، کاژێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و پەیامی هاودەنگیی فەرەنسای پێ رادەگەیێنێت. هەروەها باسی "پاراستنی خەڵکی سڤیل" دەکات لە کەرتی غەززە.

هەر لە تەلئەڤیڤ، ماکرۆن چاوی بەو خێزانە فەرەنسییانە دەکەوێت کە لەو جەنگە ئەندامێکیان لێ کوژراوە یان بە بارمتە گیراوە. تائێستا 7 هاووڵاتیی فەرەنسی بێسەروشوێنن؛ دەگوترێت کە لەلایەن حەماسەوە لەگەڵ زیاتر لە 200 کەسی دیکە لە غەززە بە بارمتە گیراون.

ئیمانوێل ماکرۆن دەچێتە قودس/ ئۆرشەلیم بۆئەوەی چاوی بە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بێنی گانتز و یائیر لاپید، بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن بکەوێت.

کۆشكی ئێلیزێی فەرەنسا دەڵێت، "ماکرۆن ئامانجیەتی تیشک بخاتە سەر بابەتی دوورکەوتنەوە لە هەڵکشانی مەترسیداری شەڕ لە ناوچەکە، لەکاتێکدا هێشتا ئیسرائیل لە ئێران و حیزبوڵڵا دڵنیا نین." هەروەها لەوانەیە ماکرۆن لەگەڵ هەریەک لە مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین؛ شا عەبدوڵڵای دووەم، پادشای ئوردن؛ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و چەند سەرکردەیەکی کەنداو کۆببێتەوە.

سەردانەکەی ماکرۆن دوای سەردانی هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا؛ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دێت کە ئەوانیش بۆ هەمان مەبەست سەردانی تەلئەڤیڤیان کردبوو.

شەڕی نێوان گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. ئەوەش دوای ئەوەی کە لە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند. بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل و غەززە، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 6000 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە