رووداو دیجیتاڵ
گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی هاشم سەفیەدین، جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵای پشتڕاستکردەوە.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کوژرانی هاشم سەفیەدین گوتی: "ئێمە ماتەم بۆ سەرۆکی جێبەجێکاری حیزبوڵڵا، زانای پایەبەرز سەید هاشم سەفیەدین دەگێڕین".
لەبارەی چۆنیەتیی کوژرانی هاشم سەفیەدین، حیزبوڵڵا دەڵێت، سەفیەدین لە "هەڵمەتێکی تاوانکاریی و شەڕانگێزیی زایۆنی" لەگەڵ چەند چەکدارێکی دیکەی حیزبوڵڵا کوژراوە.
راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵا کەمتر لە 24 کاژێر لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دێت کە تێیدا کوژرانی هاشم سەفیەدینی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەفیەدین لە هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای هەواڵگریی حیزبوڵڵا لە بەیرووت لەگەڵ عەڵی حوسێن هەزیمە، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی حیزبوڵڵا کوژراوە.
دوای ئەوەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشەکەی رۆژی 27ـی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە بەیرووت پشتڕاستکرایەوە، چاوەڕی دەکرا هاشم سەفیەدین وەکو جێگرەوەی نەسروڵڵا دیاری بکرێت.
هاشم سەفیەدین، پوورزای نەسروڵڵایە و کوڕەکەی زاوای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو، سەفیەدین سەرپەرشتیی کاروباری رۆژانەی حیزبوڵلا کردووە، لەنێویدا بەڕێوەبردنی دامەزراوە و سەرچاوە داراییەکانی، لەکاتێکدا نەسروڵڵا سەرنجی لەسەر دۆسیە ستراتیژییەکان بوو. سەفیەدین بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتە نێوخۆییەکان و پەرەپێدانی ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە بوو.
لە ئایاری 2017ـەوە، سەفیەدین لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆرست پۆڵێنکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ