رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، 8 ئەفسەر و سەربازی دیکەی لە غەززە کوژراون، پێشتریش سوپاکە کوژرانی پێنج سەربازی خۆی راگەیاندبوو، بەوەش کۆی گشتیی ئەوانەی لە رۆژی شەممەدا کوژراون، گەیشتە 13 سەرباز و ئەفسەر.
چوار لەوانەی کە رۆژی شەممە کوژراون، سەر بە لیوای زرێپۆشی ژمارە حەوتی سوپای ئیسرائیلن، کە لە شەڕێکدا لە باشووری غەززە کوژران.
سوپای ئیسرائیل هەروەها دەڵێت، چوار سەربازی دیکەی لە نێوەڕاستی غەززە کوژراون، پێنجی دیکەیان لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە بە "سەختی برینداربوون."
کۆی گشتیی سەرباز و ئەفسەرە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەوە گەیشتە 485 کەس، کە 158یان دوای ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ نێو ناوچە فەلەستینییەکە، کوژراون.
لە 24 کاژێری رابردوودا، سەختترین شەڕ و پێکدادانەکان لە کەمپی جەبالیا بوون لە باکووری کەرتی غەززە، ئەمە وەک حەماس باسی دەکات.
کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "موجاهیدەکانمان بەچەکی قورس و مامناوەند شەڕێکی تووند دژی هێزەکانی داگیرکاری ئیسرائیلی دەکەن کە لە سەنگەرێکی نێوان جەبالیا بەلەد و سەربازگەی باکووری کەرتی غەززەدان."
هێزە فەلەستینییەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هاوەنی یاسین 105، رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە و ژمارەیەکیان کوشتوون و بریندارکردوون.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئیسرائیل بە پشتیوانیی بۆردوومانی سەخت، هەوڵدەدات بچێتە نێو کەمپەکەوە.
هاوکات یەکینەکانی قودس، باڵی سەربازیی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، هێزەکانیان لە کەمپی نوور شەمس لە نزیک شاری تولکەرەم "پێکدادانی سەخت"یان دژی هێزەکانی ئیسرائیل هەبووە، هەروەها ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلیان بە بۆمبی چێندراو کردووەتەوە ئامانج، "کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک تانک و زرێپۆشیان خامۆشکران و ژمارەیەک سەربازیان پێکران."
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش بە درێژایی شەو بەردەوامبوون لە بۆردوومانی چڕی ناوچە سڤیلنشینەکانی غەززە، کە ئیسرائیل پێیوایە، چەکدارانی حەماس خۆیانی تێدا حەشاردەدەن.
بە گوێرەی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 20 هەزار و 57 فەلەستینی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون، کە لانیکەم 8 هەزاریان منداڵ و 6 هەزار و 200یان ژنن.
جەنگەکە لە 7ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، دوای ئەوەی کە حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی نوێترین ئاماری ئیسرائیل، هەزار و 139 کەس کوژران، هەروەها نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران، کە هێشتا 136یان لە غەززە ماون.
رۆژی شەممە حەماس رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە، پەیوەندییان بە تیمی سەرپەرشتیکردنی پێنج لەو بارمتانەوە نەماوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە دەکرێت کوژرابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ