رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی تۆمارێکی دزەپێکراوی میدیایەکی ئیسرائیلی، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو و خێزانی بارمتە گیراوەکان، نەتەنیاهوو رەخنە لە قەتەر دەگرێت و دەڵێت ئەوان "سەر بە کێشەن" و لە بەرامبەردا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، "شۆکبووین بەو قسانە".
رۆژی چوارشەممە 24-1-2024، تۆمارێکی دەنگیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میدیایەکی وڵاتەکە بڵاوبووەوە، کە رەخنە لە قەتەر دەگرێت و دەڵێت، "ئێوە گوێتان لێم نابێت سوپاسی قەتەر بکەم، ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور نییە، تەنانەت لەوان زیاتر سەر بەکێشەترن."
نەتەنیاهوو قەتەری بە پاڵپشتیکردنی حەماس تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئەوان پاڵپشتیی دارایی حەماس دەکەن. من زۆر لە ئەمریکا تووڕەم چونکە بڕیاریداوە مانەوەی بنکە سەربازییەکەی لە قەتەر درێژە پێبدات."
ماجد محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی ئێکس وەڵامی نەتەنیاهۆی دایەوە و گوتی، "ئێمە بەو لێدوانانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شۆکبووین. ئەگەر ئەو قسانە راستبن و پشتڕاستبکرێنەوە ئەوا هەوڵەکانی رزگارکردنی ژیانی کەسانی بێتاوان هەرەس دەهێنێت."
قەتەر، میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونە پردی لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی و ئاڵوگۆڕکردنی 105 بارمتە و 240 بەندکراو.
ئەنساری بە نەتەنیاهووی گوت، "ئەگەر ئەم قسانە راست بن، ئەوا سەرۆکوەزیران خۆی لەمپەر دەخاتە بەردەم پرۆسەی نێوەندگیری. ئەو لە بری خستنە پێشی رزگارکردنی ژیانی بێتاوانەکان، هاتووە خزمەتی سیاسەتی خۆی دەکات."
گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قەتەرە. بنکەی عودەید یان فڕۆکەخانەی نەخلە زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئەمریکی و زیاتر لە 100 فڕۆکەی لێیە و بە فەرماندەیی ناوەندیی پێنتاگۆن دادەنرێت.
رۆژی 3-1-2024 ئەمریکا و قەتەر رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی مانەوەی هێزی ئەمریکی تاوەکو ساڵی 2034.
نەتەنیاهوو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی تووڕەیی خۆی لەبارەی ئەو رێککەوتنە 10 ساڵییە دەربڕی.
لە وەڵامدا ماجد ئەنساری لە ئێکس نووسی، "واباشترە نەتەنیاهوو سەرنج بخاتە سەر ئازادکردنی بارمتەکان نەوەک خۆی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان قەتەر و ئەمریکا نیگەران بکات."
رۆژی 7-10-2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا هەروەک حکومەتی ئیسرائیل باسی دەکات، هەزار و 140 کەسیان کوشت.
ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 25 هەزار کەس کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ