رووداو دیجیتاڵ
میدیای میسر دەڵێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل 70 زیندانیی فەلەستینی رەوانەی میسر کردووە.
دوای ئەوەی چوار سەربازی ژنی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە ئازادکران، ئیسرائیل 200 زیندانیی فەلەستینی ئازاد کرد.
دوو لە زیندانییە ئازادکراوەکان محەممەد عەودە، 52 ساڵ و وائیل قاسم، 54 ساڵن، کە هەردووکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی قودسن.
ئەو دوو زیندانییە تۆمەتبارکرابوون بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلییەکان، لەوانە تەقینەوەیەک لە چێشتخانەی زانکۆی عیبریی قودس/ئۆرشەلیم لە ساڵی 2002 کە تێیدا 9 کەس کوژران، لە نێویاندا پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی.
بە گوتەی عەبدوڵڵا زەغاری، سەرۆکی رێکخراوێکی داکۆکیکار لە زیندانییە فەلەستینییەکان، 70 زیندانی رەوانەی میسر کراون و دەکرێت هەندێکیان بڕۆنە وڵاتانی دیکەی وەک جەزائیر، تونس و تورکیا کە ئامادەیی خۆیان بۆ بۆ وەرگرتنیان دەربڕیوە.
بە گوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست، ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئیسرائیلییەکان سزای بەندکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکراوە، لە کاتی ئازادکردنیان نابێت بگەڕێنەوە کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا، بەڵکو دەبێت بڕۆنە وڵاتێکی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ