بەرپرسانی تەندروستیی غەززە: 5 منداڵی پێشوەختە لەدایکبوو رەقبوونەوە

25-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە رایانگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا پێنج منداڵ کە پێشوەختە لەدایکبوون، رەقبوونەتەوە. کەسوکاری منداڵەکان هۆکارەکەی بۆ نەبوونی سووتەمەنی و کارەبا لە نەخۆشخانەکاندا دەگەڕێننەوە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 25ی شوباتی 2025 سەعید سەلاح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی کەرتی غەززە رایگەیاند، "لە دوو هەفتەی رابردوودا و لەم کەشە ساردەدا، 9 کەیسی لەدایکبوونی پێشوەختەمان هەبووە." دەشڵێت، پلەی گەرمیی لەشی ئەو منداڵانە زۆر نزم بووە، واتە خوار 34 پلەی سیلیزی.
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت، لەو 9 منداڵانە، پێنجیان بەهۆی سەرماوە رەقبوونەوە، سێیان سەلامەتن و یەکێکیان تووشی کێشەی هەناسەدان بووە.
 
محەممەد حەمەد، کەسوکاری یەکێک لەو منداڵانە رایگەیاند، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن هەست بە منداڵانی کەرتی غەززە بکەن. دەشڵێت، نەخۆشخانەکان پێویستییەکی زۆریان بە سووتەمەنی، کارەبا، ئامێرەکانی گەرمکردنەوە و چەندین شتی دیکەیە.
 
رۆژی 29ی کانوونی دووەمی 2025، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، جومعە بەترانی تەمەن 20 رۆژ، لە سەرما و بەهۆی نەبوونی گەرمکەرەوەوە گیانی لەدەستداوە.
 
تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەش کرد، "برا جمکەکەشی لەژێر چاودێریدایە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە غەززە."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە، تەنیا لە کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 5 منداڵ بەهۆی سەرماوە لەو ناوچەیە رەقبوونەتەوە. 
 
جەنگی غەززە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد؛ لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە، نزیکەی دوو ملیۆنیان ئاوارە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە