سوپای پاسداران: لێدانى بنکە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل پەیامە بۆ واشنتن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشە نوێیەکانیان بۆ سەر ناوچە ستراتیژییەکانی دیمۆنا و حەیفا لەنێو ئیسرائیل، پەیامێکی روون بووە بۆ دۆناڵد ترەمپ و وەڵامی ئەو مۆڵەتانەیە واشنتن بۆ تارانى دیاریکردوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، سەید مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە "ئێکس" رایگەیاند، پێویستە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فێری ئەوە بێت "هەر هەڕەشە و مۆڵەتێک دژی ئێران، بەشێکە لە کردەی جەنگ." 
 
مووسەوی جەختی کردەوە، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر خاڵە ستراتیژییەکانی دیمۆنا و حەیفا لە چەند کاژێری رابردوودا، وەڵامێکی راستەوخۆ بووە بۆ هەڕەشە "دوو رۆژی و پێنج رۆژییەکانی" ئەمریکا.
 
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی پێنج رۆژیی دابووە تاران تاوەکو تەنگەی هورمز بکاتەوە، ئەگەر نا سوپای ئەمریکا وێستگەکانی کارەبای ئێران رادەماڵێت. 
 
ئاماژەدان بە "دیمۆنا" کە ناوەندی ئەتۆمیی ئیسرائیلی لێیە، وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە لایەن تارانەوە دەبینرێت بۆ فراوانکردنی جەنگەکە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە مووشەکەکانی ئێران پاڵاوگەی "بازان"یان لە حەیفا پێکاوە و ئاگری گەورە لە نێو دامەزراوەکەدا کەوتووەتەوە.
 
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران چووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیارەوە. 
 
لە کاتێکدا واشنتن لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە خاڵەکانی رێککەوتنی بۆ تاران ناردووە، لێدوانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران نیشانەی ئەوەیە کە باڵی سەربازیی تاران هێشتا بژارەی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە پێشینە دادەنێت. 
 
واشنتن و تەلئەڤیڤ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لە نێو ئێراندا پێکاوە، لە بەرامبەریشدا تاران بە مووشەکی بالیستیی "سجیل" و "خوڕەمشەهر" وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە