وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گەیشتە عومان

25-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گەیشتە عومان و سبەی دانیشتنەکە بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی هەینی، 25ـی نیسان، میدیای ئێران بڵاویکردەوە: "عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان."
 
بە گوێرەی میدیای ئێران، سبەی گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکە بەڕێوەدەچێت.
 
گەڕی دووەمی دانوستاندنی ئەو دوو وڵاتە، 19ـی نیسانی 2025، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
 
دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان رایگەیاند: ''رۆژی چوارشەممە گفتوگۆی تەکنیکی لەنێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە عومان بەڕێوەدەچێت و شەممەی داهاتووش شاندی هەردوو وڵات لە عومان کۆدەبنەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە و کاری لیژنە تەکنیکییەکان''، بەڵام دواتر کۆبوونەوەی شاندە تەکنیکییەکانیش دواخرا بۆ سبەی شەممە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، سبەی سەرەتا شاندی تەکنیکیی هەردوولا کۆدەبنەوە و دواتر شاندی باڵای دوو وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆدەبنەوە.
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە. تاران دەڵێت، ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە