باڵیۆزی سعودیە لە عێراق: ناوەندی مەلیک سەلمان لە هەولێر دەکەینەوە

25-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
عەبدولعەزیز ئەلشەمەری، باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە لە عێراق.
عەبدولعەزیز ئەلشەمەری، باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە لە عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
باڵیۆزی سعودیە لە عێراق دەڵێت لە ماوەی داهاتوودا ناوەندی مەلیک سەلمان لە هەولێر دەکەنەوە. دەشڵێت پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە سعودیەوە لە قۆناخی کۆتایی دایە و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، عەبدولعەزیز ئەلشەمەری، باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گومان لەوەدا نییە پەیوندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرنگە، پشتیوان بەخودا مانگی داهاتوو وەزیری وەبەرهێنان لەگەڵ گەورە بازرگانانی سعودیە لە هەولێر دەبن بۆ گفتوگۆکردن لە پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پڕۆژە ستراتیجیانەی کە خزمەت بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، و لە قۆناخی داهاتوودا ناوەندی مەلیک سەلمان لە هەولێر دەکەینەوە" کە وەکو خۆی دەڵێت، رۆڵی لە پەرپێدان و پێشکەشکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
باڵیۆزی سعودیە لەبارەی پێدانی ڤیزەی وڵاتەکەی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی، "ڤیزە بۆ هەموو دانیشتوانی عێراق کراوەیە، چ ڤیزەی سەردانکردن یان عەمرە بێت، هاوڵاتیان دەتوانن لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی پێگەی وەزارەتی دەرەوە بکەن و داوای ڤیزە بکەن، و لە ماوەی 24 کاژێر یان 48 کاژێردا ڤیزەی ئۆنڵاینیان پێدەدرێت."
 
باڵیۆزی سعودیە ئاماژە بەوە دەکات، کە ئامانجیانە لە داهاتوویەکی نزیکدا "چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی رابگەیەنین کە خزمەت بە گەلی سعودیە و عێراق بکەن، لە سەرووی ئەو پڕۆژانەش بەستنەوەی کارەبای هەردوو وڵاتە کە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بابەتی وزە لە عێراق. ئەو پڕۆژەیەش لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە و رەنگە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت کە سوودی دەبێت لە زیادکردنی کارەبا لە عێراق."
 
 
هاوکات، ئەلشەمەری باسی لەوە کرد کە پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ عێراق "زۆر باشن."
 
لە ساڵی 2017 ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی عێراقی - سعودی دامەزرا، ئەو ئەنجوومەنە لەماوەی پێنج شەش ساڵی رابردوو "رۆلێکی گەورەی هەبوو لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە و چەندین دەسکەوتی گرنگی لەو پەیوەندییانە بەدەستهێنا لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵات."
 
لەدوای دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە، رێگەی ئاسمانیی نێوان بەغدا و هەولێر لەگەڵ شاری جەدەی سعودیە کرایەوە، دواتریش دەروازەی عەر عەر کرایەوە کە "دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێپەڕبوونی عەمرەکاران و حاجییانی عێراق." لەرێگەی ئە دەروازەیەوە کەلوپەلی بازرگانیش لەنێوان هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە