رووداو دیجیتاڵ
تیمە فریاگوزارییەکانی غەززە رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، 22 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 25-05-2025، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند، حەوت کەس لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵێک لە جەبالیا، لە باکووری غەززە کوژراون.
بەسەڵ گوتی، هەندێک کەس هێشتا لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، چونکە "بەرگریی شارستانی ئامێری گەڕان یان کەلوپەلی قورسی نییە بۆ هەڵگرتنەوەی داروپەردوو و رزگارکردنی بریندارەکان و دەرهێنانی تەرمی شەهیدەکان."
ئەو گوتەبێژە هەروەها رایگەیاند، دوو کەسی دیکە، لەنێویاندا ژنێک کە حەوت مانگە دووگیان بوو، لە هێرشێکدا بۆ سەر خیوەتی حەوانەوەی ئاوارەکان لە دەوروبەری نوسێرات لە نێوەڕاستی غەززە کوژران، گوتیشی پزیشکەکان نەیانتوانیوە کۆرپەلە لەدایکنەبووەکە رزگار بکەن.
دوو لە قوربانییەکان ئەشرەف ئەبو نار، بەرێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی شارستانی و هاوسەرەکەی بوون، کە بەپێی گوتەی بەسەڵ، لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵەکەیان لە نوسێرات کوژران.
چەند هێرشێکی کوشندەش لە دەوروبەری دێر بەلەح لە نێوەراستی کەرتەکە، بەیت لاهیا لە باکوور و شاری خان یونس لە باشوور تۆمارکران.
بەسەڵ گوتی، بە گشتی تیمەکانی بەرگریی شارستانی رۆژی یەکشەممە "لانیکەم تەرمی 22 شەهیدیان دۆزیوەتەوە، لەنێویاندا ژمارەیەک منداڵ، و دەیان بریندار" و ژمارەیەکیش هێشتا بێسەروشوێنن.
سوپای ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوو ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە چڕکردووەتەوە و دەڵێت: "حەماس لەنێو دەبەین."
ئێوارەی دوێنێ شەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 100 ئامانج لە سەرتاسەری غەززە.
تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لەوکاتەوەی ئاگربەست لە 18ـی ئادار هەڵوەشاوەتەوە، لانیکەم 3,785 کەس لە کەرتەکەدا کوژراون؛ بەمەش کۆی گشتی قوربانیانی جەنگ دەگاتە 53,939 کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن.
هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ، گیانلەدەستدانی 1,218 کەسی لێکەوتەوە، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
چەکدارەکان هەروەها 251 بارمتەیان گرت، کە 57 کەسیان هێشتا لە غەززە ماونەتەوە، لەنێویاندا 34 کەس کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت مردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ