سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئوردن: ئامادەین بەشداربین لە بنیاتنانەوەی سووریا

25-05-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی ئوردن دەڵێت، وڵاتەکەیان ئامادەیە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی سووریا.
 
ئاژانسی هەواڵی ئوردن لە زاری خەلیل حاج تەوفیق، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی ئوردن دەڵێت: "خواستێکی تۆکمە هەیە لەلایەن کەرتی بازرگانی لە گشت ئوردنەوە بۆ بنیاتنانی پێکهاتەیەکی نوێی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە سووریا و، بەشداریکردن لەو قۆناخە نوێیەی کە پێی ناوەتە ناوی، هەروەها سوود وەرگرتن لە دەرفەتە بەردەستەکان لە سەرجەم کەرتە ئابوورییەکاندا، ئەوەش لە رێگەی هاوبەشیی راستەقینە لەگەڵ لایەنی سووری."
 
خەلیل حاج گوتی: "ئێمە دەمانەوێت سووریای برا بەخێرایی بگەڕێتەوە نێو باوەشی عەرەبی، تاوەکو بەشداری لەو بووژانەوەیە بکات کە لە بوارە جیاجیاکاندا چاوەڕێی دەکات." 
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە شاندێکی بازرگانیی ئوردنی سبەی (دووشەممە) دەست بە سەردانێکی سێ رۆژە دەکات بۆ دیمەشق. لەو ماوەیەدا کۆبوونەوەی چڕوپڕ ئەنجام دەدات لەگەڵ بەرپرسانی تیمی ئابووری لە حکومەتی سووریا، یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان و خاوەنکار و کۆمپانیا و ژوورە بازرگانییەکانی دیکە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر داهاتووی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی پتەوکردنی هاریکاریی بازرگانی و خزمەتگوزاری و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
 
روونیشیکردەوە کە کەرتی تایبەتی ئوردنی چاوی لەوەیە تۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە پشتیوانیکردنی سووریا لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئابوورییەکەیدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی بانکی و گۆڕانی دیجیتاڵیدا.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە