رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێکی خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوو. دەزگەیەکی فریاگوزاریی وڵاتەکە دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و حووسییەکانیش هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
رۆژی یەکشەممە، 25-05-2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "دوای ئەو زەنگانەی ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لێدران، مووشەکێک کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوو، خرایەخوارەوە."
مێگان دەیڤد ئادۆم (MDA)، دەزگەی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، هیچ راپۆرتێک لەسەر برینداربوون پەیوەست بە هاوێشتنەکەوە نییە.
دواتر حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتەئەستۆ و رایانگەیاند، مووشەکەکە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی لە نزیک تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، دوو مووشەکی هاوێژراوی لە یەمەنەوە خستووەتەخوارەوە. MDA رایگەیاند، کەسێک بەهۆی مووشەکی یەکەمەوە برینداربوو.
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەڵگیرساوە، بزووتنەوە یەمەنییەکە چەندینجار مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
حووسییەکان کە هاوسۆزیی خۆیان بۆ حەماس و غەززە دەربڕیوە، لەماوەی ئاگربەستی دوو مانگەی غەززە کە لە مانگی ئادار کۆتایی هات، هێرشەکانیان راگرت، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڵمەتەکەی لە ناوچە کەنارییەکان دەستپێکردەوە، ئەوانیش دەستیان پێکردەوە.
حووسییەکان بەم دواییانە هۆشدارییان دابوو کە "گەمارۆیەکی دەریایی" بەسەر بەندەری حەیفای ئیسرائیلیدا دەسەپێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ