رووداو دیجیتاڵ
گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای لوبنان پیرۆزبایی لە ئێرانی هاوپەیمانی کرد بەبۆنەی ئەو "سەرکەوتنەی" کە بەسەر ئیسرائیلدا بەدەستیهێنا دوای 12 رۆژ جەنگ و رایگەیاند، ئەمە دەستپێکی "قۆناخێکی نوێی مێژوویی"ـە.
رۆژی چوارشەممە، 25-6-2025 لە راگەیێنراوێکدا، حیزبوڵڵا "گەرمترین پیرۆزبایی" خۆی ئاراستەی کۆماری ئیسلامی کرد و ستایشی "سەرکەوتنە شکۆدار و خوداییەکەی" کرد.
راشیگەیاند، سەرکەوتنەکە "لەو گورزە ورد و بەئازارانەدا دەرکەوت کە ئیسرائیل پێیدا تێپەڕی"، هەروەها "لە وەڵامدانەوەی خێرای وەک بروسک بۆ دەستدرێژییەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی".
رۆژی یەکشەممە، ئەمریکا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ جەنگەکە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام راپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگری گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشەکان تەنیا چەند مانگێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان دواخستووە.
حیزبوڵڵا رایگەیاند: "ئەمە تەنیا دەستپێکی قۆناخێکی نوێی مێژووییە لە رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا" و "لووتبەرزیی ئیسرائیل" لە ناوچەکەدا.
حیزبوڵڵا، ساڵی رابردوو جەنگێکی وێرانکەری دژی ئیسرائیل کرد، پشتیوانیی "تووند و نەگۆڕی" خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی و سەرکردایەتی و گەلەکەی دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە کە "هەر خۆبەدەستەوەدان، ملکەچی یان سازشکردنێک، تەنیا لووتبەرزی و زاڵبوونی دوژمنانمان بەسەر ناوچەکەماندا زیاد دەکات".
ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیراندا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد کە ئامانج لێی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران بوو و بووە هۆی کوژرانی بەرپرسانی باڵا.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی جەنگەکەوە لانیکەم 627 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و زیاتر لە چوار هەزار و 780 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 28 کەس.
حیزبوڵڵا داوای لە لایەنگرانی کرد رۆژی چوارشەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیرووت گردببنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی "گەیشتن بە لووتکەی خەبات و قوربانیدانی" ئێران و گەلەکەی، "کە بەسەر دەستدرێژیی ئیسرائیلی- ئەمریکیدا سەرکەوتن".
ئێران لە دوای دامەزراندنی حیزبوڵڵا لە ساڵانی 1980ـەکانەوە پشتیوانیی لێدەکات و هاوکاریی دارایی و سەربازیی پێشکەش دەکات.
گرووپە لوبنانییەکە دوای رووبەڕووبوونەوەی دوایی لەگەڵ ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوژرانی زۆربەی سەرکردە باڵاکانی و لەناوبردنی بەشێکی زۆری جبەخانەکەی، بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ