ئیسرائیل بانکی ناوەندیی ئێران وەک 'رێکخراوێکی تیرۆریستی' دەناسێنێت

25-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل بانکی ناوەندیی ئێران وەکو گرووپێکی تیرۆریستی دەناسێنێت و دەڵێت، ئامانجیانە رێگە بگرن لەوەی ئێران پارە بۆ گرووپە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکە تەرخان بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانێکی واژۆکردووە کە تێیدا بانکی ناوەندیی ئێران، دوو بانکی دیکەی ئێران و کۆمپانیایەکی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێرانی، وەکو "رێکخراوی تیرۆریستی" ناساندووە.
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوە راگرتنی پارەدارکردنی ئەو گرووپە چەکدارییانەیە کە ئێران پشتگیرییان دەکات، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئاگربەست لەنێوان دوو لایەنە شەڕکەرەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەنگاوەکە "هەڵمەتێکی فراوانتری ئیسرائیلە دژی ئێران"، هەروەها هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە دەیانەوێت "دڵی سیستەمی پارەدارکردنی تیرۆری رژێمی ئێران بەئامانج بگرن."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد، کە گرووپەکانی هاوپەیمانی "پارەدار دەکات، پڕچەکیان دەکات و تیرۆر لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاودەکاتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، ئێران و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتن کە کۆتایی بە 12 رۆژ لە هێرشی نێوان دوو دووژمنە دێرینەکە بۆ سەر یەکدی هێنا.
 
ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئامانج لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران کە لە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد، رێگریکردن بووە لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
 
رۆژی سێشەممە، ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "قۆناخێکی گرنگمان کۆتایی پێهێناوە، بەڵام هەڵمەتی دژی ئێران کۆتایی نەهاتووە. ئێمە دەچینە نێو قۆناخێکی نوێوە لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی قۆناخی ئێستا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە