رووداو دیجیتاڵ
لە خۆپێشاندانی دژی هەموارەکانی دەسەڵاتی دادوەری، لە شاری جافای نزیک تەلئەڤیڤ لە ئیسرائیل، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو خۆپێشاندەراندا کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس بە سووکی برینداربوون.
ڤیدیۆی رووداوەکە دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلەکە خۆی بەنێو ژمارەیەک خۆپێشاندەردا دەکات، کە رێگەیەکی خێرای شارەکەیان داخستووە.
ژمارەیەک خۆپێشاندەر کە قسەیان بۆ میدیای ئیسرائیلی کردووە، پێیانوایە ئەو رووداوە، هێرشێکی بە مەبەست بووە.
ماوەیەکی کەم دوای رووداوەکە پۆلیس رایگەیاند شۆفێرەکەیان دەستگیر کردووە، کە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵە.
رۆژی دووشەممە، خۆپێشاندانی گەورە لە ئیسرائیل دروستبوون دژی هەموارەکانی دەسەڵاتی دادوەری دوای ئەوەی لە پەرلەمانی ئیسرائیل، کە بە کنێست ناسراوە، پەسندکران.
هەموارە نوێیەکان دەسەڵاتی دادگەی باڵا لە بەرژەوەندیی حکومەتدا سنووردار دەکەن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن لە کنێست دەنگدانەکەیان بایکۆت کرد.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەنگدانەکەی بە هەنگاوێکی پێویست بۆ دیموکراسی ناوبرد و هیوای خواست تاوەکو تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لەسەر ژمارەیەک هەمواری دیکە، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بگەنە رێککەوتن.
یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن پێشنیازەکەی نەتەنیاهوو رەتدەکاتەوە و لە تویتێکدا دەڵێت: "راستییەکەی نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نییە. بەڵکو بەندکراوی دەستی یاریڤ لێڤین، وەزیری داد و سیاسەتڤانە راستڕۆکانی وەک سیمیچی رۆتمان و ئیتامار بێن گڤیرە."
لاپید رەتیدەکاتەوە ئۆپۆزیسیۆن لەسەر هەمواری زیاتر گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکات.
لە خۆپێشاندانەکەی رۆژی دووشەممەدا، خەڵکی ناڕازی، نەتەنیاهوویان بە دروستکردنی دووبەرەکی لە وڵاتەکەیاندا، لەنێوبردنی سووپا و خراپکردنی ئابووری تۆمەتبار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ