ئەمریکا رێگە بە ئێران دەدات قەرزی گاز و کارەباکەی لە عێراق وەربگرێتەوە

25-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەنگاوێکدا کە لە بەرژەوەندیی تاراندایە، ئەمریکا رێگە بە ئێران دەدات پارەی ئەو گاز و کارەبایەی بۆ عێراق هەناردەی کردووە، لە بەغدا وەربگرێتەوە، ئەوەش دەبێتە دەرچەیەکی ئابووریی گرنگ بۆ ئەو وڵاتە لە کاتێکدا لە ژێر گەمارۆی تووندی ئەمریکا و رۆژئاوادایە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە پشتڕاستیکردەوە کە وێڕای سزاکان، رێگە بە ئێران دەدەن سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزی گاز و کارەبا لە عێراق وەربگرێتەوە. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتەکە پشتڕاستیکردەوە کە عێراق پارەکەی دەخاتە هەژمارێکی بانکەوە کە لە لایەن عومانەوە بەڕێوەدەبرێت؛ ئێران دەتوانێت بە هەندێ کۆتوبەندەوە، ئەو پارەیە بەکاربێنێت. 
 
پێش ئەوە، هەر لە رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو کە عومان و قەتەر رازیبوون، سەرپەرشتی و کارگێڕیی گواستنەوەی پارەکە لە ئەستۆ بگرن. 
 
لەو بارەیەوە میلەر گوتی: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە عومان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشێکی ئەو پارانە وەربگرێت. ئێمەش پێمانوایە ئەوە هەنگاوێکی گرنگە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "گرنگە کە ئەو پارەیە لە عێراق ببردرێتە دەرەوە، چونکە بووەتە بە سەرچاوەیەکی هەژموون کە ئێران لە دژی دراوسێکەی بەکاریدێنێت."
 
لە بارەی کۆتوبەندی سەر هەژمارە بانکییەکە، میلەر روونیکردەوە کە پارەکە تەنیا بۆ ئەو "چالاکیانە بەکاردەهێنرێت کە سزایان لەسەر نییە، وەک یارمەتیی مرۆیی،" هەروەها گواستنەوەی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەژمارەکە یان لە هەژمارەکەوە، پێویستی بە گڵۆپی سەوزی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەبێت. 
 
عێراق بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، پشت بە گازی ئێران دەبەستێت. مانگی رابردوو، عێراق 2.7 ملیار دۆلار قەرزی گاز و کارەبای ئێرانی دایەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی محەممەد سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، عێراق 11 ملیار دۆلار لە پارەی گاز قەرزاری ئێرانە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە