ئەمریکا کوشتنی 'سەرکردەیەکی باڵای داعش' و دوو کوڕی لە حەلەبی سووریا رادەگەیێنێت

25-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم کوشتنی "سەرکردەیەکی باڵای داعش" و دوو لە کوڕەکانی لە سووریا راگەیاند.
 
هێزەکە ئەمڕۆ هەینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، "ئەم بەیانییە لە ناوچەی باب لە پارێزگای حەلەبی سووریا، هێزەکانی سێنتکۆم ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و لە ئەنجامدا زیائـ زەوبەع موسڵح حەردانی، سەرکردەی باڵای داعش و دوو کوڕی پێگەیشتووی بە ناوەکانی عەبدوڵڵا و عەبدولڕەحمان کوژران."
 
بەگوێرەی سێنتکۆم، "ئەم ئەندامانەی داعش هەڕەشە بوون بۆسەر ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان؛ هەروەها بۆسەر حکومەتی نوێی سووریاش."
 
سێنتکۆم دەشڵێت، "سێ ژن و سێ منداڵی دیکەش لە شوێنی ئامانجەکە بوون و زیانیان پێ نەگەیشت."
 
مایکڵ ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، "کۆڵنەدەرانە بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، لە هەر شوێنێک بن. تیرۆریستانی داعش سەلامەت نین لەو شوێنانەی دەخەون، کار دەکەن یان خۆیان حەشار دەدەن. سێنتکۆم لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانی پابەندە بە بەزاندنی بەردەوامی تیرۆریستانی داعش کە هەڕەشە لە ناوچەکە، هاوپەیمانەکانمان و نیشتمانەکەمان دەکەن."
 
رێکخراوی پەڕگیری داعش لە گەرمەی شەڕی سووریا سەریهەڵدا و لە ساڵی 2014 دوای کۆنترۆڵکردنی رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریا، خەلافەتی راگەیاند.
 
ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە سووریا بەزاندنی رێکخراوەکە راگەیێندرا. هەروەها لەو کاتەوە سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوەکە گورزی کوشندەی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا شانە بەجێماوەکانی لە ناوچە دوورەدەستەکانی هەردوو وڵات ماون و ناوبەناو لەلایەن ئەمریکا و هێزە خۆجێییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.