رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی "رەخنەی تووند"ـی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت بەهۆی پشتگوێخستنی ئازاری ئەو فەلەستینییانەی لە کەرتی غەززە بەهۆی جەنگ و گەمارۆی ئیسرائیلەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و گوتی، "قەیرانێکی ئەخلاقی رووبەڕووی ویژدانی جیهانی دەبێتەوە".
گوتێرێز لە گوتارێکدا بۆ کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی گوتی: "ناتوانم ئاستی ئەو گوێپێنەدان و بێهەڵوێستییە روون بکەمەوە کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لایەنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەیبینین؛ نەبوونی هاوسۆزی، نەبوونی راستی، نەبوونی مرۆڤایەتی."
گوتیشی: "ئەمە تەنیا قەیرانێکی مرۆیی نییە. قەیرانێکی ئەخلاقییە کە رووبەڕووی ویژدانی جیهانی دەبێتەوە. ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا بەردەوام دەبین لە دەنگهەڵبڕین."
رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە غەززە تووشی بەدخۆراکی بوون، کە ئیسرائیل لە مانگی ئادارەوە گەمارۆی هاوکاریی خستووەتە سەری.
ئەو بڕە یارمەتییە کەمەی لەو کاتەوە گەیشتووەتە نێو غەززە، لەلایەن "دامەزراوەی مرۆیی غەززە"ـەوە دابەشدەکرێن. ئەو دامەزراوەیە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەڕێوەدەبردرێت و لە لایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە "تەڵەی مەرگ" ناودەبرێت، چونکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی چاوەڕوانیکردن بۆ وەرگرتنی خۆراک، لە ناوەندەکانی سەر بەو رێکخراوەوە لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلییەوە تەقەیان لێ کراوە و کوژراون.
رێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیانکردووەتەوە لەگەڵ دامەزراوە ئەمریکی ئیسرائیلییەکە کار بکەن و تۆمەتباریان کردووە بە یارمەتیدانی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
گوتێرێز گوتی، لە کاتێکدا چەندین جار سەرۆکۆنەی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماسی کردووە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، "هیچ شتێک رەوایەتی بەو مەرگ و وێرانکارییەی دوای ئەوە نادات."
هەروەها گوتی: "قەبارە و مەوداکەی لە سەرووی هەموو ئەو شتانەیە کە لەم دواییانەدا بینیومانە. منداڵان باس لەوە دەکەن دەیانەوێت بچنە بەهەشت، چونکە لانی کەم، وەک دەڵێن، لەوێ خواردن هەیە. ئێمە پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ کارمەندە مرۆییەکانی خۆمان دەکەین کە لەبەرچاومان خەریکە لە برسان دەمرن. بەڵام وشە منداڵی برسی تێر ناکات."
گوتێرێز هەروەها سەرکۆنەی کوشتنی ئەو فەلەستینییانە کرد کە لە کاتی وەرگرتنی یارمەتییەکاندا کوژراون.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "پێویستیمان بە کردارە: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی، ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو بارمتەکان، گەیاندنی دەستبەجێ و بێبەربەستی هاوکاریی مرۆیی."
گوتیشی، نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە "بە شێوەیەکی بەرچاو کارە مرۆییەکان" لە غەززە فراوان بکات ئەگەر ئیسرائیل و حەماس بگەنە رێککەوتی ئاگربەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ