رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوا لە ئیسرائیل دەکەن "دەستبەجێ" رێگە بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان بدات بۆ ئەوەی رێگری لە "مردن بەهۆی برسێتییەوە" بکرێ.
سەرکردەکانی هەر سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "بەپەلە"یان لەبارەی دۆخی غەززە ئەنجامدا و رایانگەیاند، دۆخی مرۆیی کەرتەکە "کارەساتبارە و پێویستە هەر ئێستا کۆتایی پێ بێت."
سێ وڵاتەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: "داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەین دەستبەجێ کۆتوبەندەکان لەسەر گەیاندنی یارمەتییەکان هەڵبگرێت و زوو رێگە بە نەتەوە یەگکرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی دیکە بدات کاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی رێگە لە مردن بەهۆی برسێتییەوە بگرن."
هەروەها دەڵێن: "پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی دانیشتووانی سڤیل، لەنێویاندا ئاو و خۆراک، دەبێت بەبێ هیچ دواکەوتنێکی دیکە دابین بکرێن. رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییە سەرەکییەکان بە دانیشتووانی سڤیل قبووڵکراو نییە. پێویستە ئیسرائیل پابەندی ئەرکەکانی بێت."
نیگەرانییەکان بەتایبەتی لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی منداڵانی تووشبووی بەدخۆراکی لە زیادبووندان. رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF) دەڵێت، چارەکێکی ئەو منداڵ و دایکە دووگیان و شیردەرانەی هەفتەی رابردوو لە کلینیکەکانیاندا پشکنینیان بۆ کراوە، بەدخۆراک بوون.
ئاژانسی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە قەیرانەکە گەیشتووەتە "ئاستێکی نوێ و تۆقێنەری بێهیوایی" و ئەمڕۆ هەینی گوتی: "نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکەکە چەندین رۆژە هیچیان نەخواردووە."
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کە بارەگاکەی لە رۆمایە گوتی: "بەدخۆراکی لە هەڵکشاندایە و 90 هەزار ژن و منداڵ پێویستیی بەپەلەیان بە چارەسەرە. هاوکاریی خۆراک تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی خەڵک دەستیان بە هەر جۆرە خواردنێک بگات، چونکە نرخی خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە... خەڵک بەهۆی نەبوونی هاوکاریی مرۆییەوە گیان لەدەستدەدەن."
ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە گوایە بەرپرسە لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکە لە غەززە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە "دەستکردی مرۆڤ" ناوی بردووە.
ئیسرائیل لە مانگی ئادارەوە گەمارۆی تووندی خستووەتە سەر کەرتی غەززە.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا جەختیان لەوەشکردوەتەوە کە "کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕ لە غەززە بهێندرێ. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، کۆتایی بە ململانێکان بهێنن".
لە راگەیێنراوێکی جیادا رۆژی هەینی، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە لەندەن لە داهاتوویەکی نزیکدا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نانێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژێک پێشتر رایگەیاند وڵاتەکەی بەنیازە لە مانگی ئەیلوولدا ئەو هەنگاوە بنێت.
ستامەر گوتی، "بێ دوودڵییە" کە بەریتانیا دەبێت لە کۆتاییدا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت، بەڵام ئەم هەنگاوە "دەبێت بەشێک بێت لە پلانێکی فراوانتر کە لە کۆتاییدا ئەنجامەکەی چارەسەری دوو دەوڵەت بێت".
بەڵام ستارمەر رووبەڕووی گوشاری رۆژ لەدوای رۆژ دەبێتەوە و زیاتر لە 220 ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، لەنێویاندا دەیان پەرلەمانتار لە پارتی کاری دەسەڵاتدار، داوا دەکەن حکومەتەکەی بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
هەڵوێستی بەریتانیا هاوشێوەی ئەڵمانیایە کە رایگەیاندووە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین بە "یەکێک لە هەنگاوە کۆتاییەکانی سەر رێگەی گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت" دەزانێت.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 59 هەزار و 676 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ