رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، رۆژی هەینی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە سەرانسەری کەرتی غەززە لانیکەم 28 کەس کوژراون.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، 5 کەس لە هێرشێکدا بۆسەر قوتابخانەیەک لە شاری غەززە کوژران.
بەسەڵ گوتیشی، 5 کەسی دیکەش لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆسەر شوێنێکی مانەوەی ئاوارەکان لە نێوەڕاستی غەززە کوژران.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "سەرکردەیەکی دیاری" رێکخراوی جیهادی ئیسلامیی کردووەتە ئامانج، کە گرووپێکی چەکدارە و شانبەشانی حەماس لە غەززە شەڕ دەکات.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی غەززە، رۆژی هەینی چەندین کەسی دیکە لە چەند هێرشێکدا لە باکوور، نێوەڕاست و باشووری غەززە کوژراون.
بەسەڵ دەڵێت، لەنێو قوربانییەکاندا لانیکەم 8 کەس هەن لە نۆرەی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل کوژراون.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 59 هەزار و 676 کەس کوژراون کە زۆربەیان سڤیل بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ