رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر سەنعای پایتەخت لانیکەم 6 کەسی کوشتووە.
لەگەڵ بۆردوومانەکەدا، ئاگرێکی گەورە ئاسمانی سەنعای رووناک کردەوە و دووکەڵی رەشی چڕی دوای خۆی جێهێشت.
ئاژانسی سەبەئی سەر بە حوسییەکان لە زاری وەزارەتی تەندروستییەوە رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا شەش کەس کوژراون و 86ـی دیکە برینداربوون، کە تەندروستیی زیاتر لە 20 کەسیان ناجێگیرە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی حوسییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، هێرشەکان باڵەخانەیەکیان لە نێوەڕاستی سەنعا کردووەتە ئامانج.
تەلەڤزیۆنی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە، هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەیەکی کۆمپانیایەکی نەوتی و وێستگەیەکی کارەبا لە باشووری سەنعا، کە یەکشەممەی رابردووش کرابوونە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی سەربازی کە کۆشکی سەرۆکایەتیی تێدایە، لەگەڵ دوو وێستگەی کارەبا و کۆگایەکی سووتەمەنی.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆسەر ئیسرائیل و هاووڵاتییانی، لەنێویاندا هێرشەکانی "رۆژانی رابردوو."
درەنگانی رۆژی هەینی، حووسییەکان مووشەکێکیان هاویشت کە بەرپرسانی ئیسرائیل گوتیان بە ئەگەری زۆرەوە لە ئاسماندا پارچە پارچە بووە.
"نێوجەرگەی پایتەخت"
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و ئەیال زەمیر، سوپاسالاری تێدا دەرکەوتن کە لە ژوورێکی فەرماندەییەوە چاودێریی هێرشەکانی سەر یەمەن دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، نەتەنیاهوو گوتی، هێزی ئاسمانی "کۆشکی سەرۆکایەتی لە نێوجەرگەی سەنعای پایتەخت، وێستگەی کارەبای شارەکە و کۆگاکانی سووتەمەنی کە وزەی بۆ دابین دەکەن"، کردووەتە ئامانج.
نەتەنیاهوو گوتیشی، حوسییەکان "بە رێگەیەکی سەخت فێردەبن کە باجێکی زۆر قورس دەدەن و پێشتریش داویانە، لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانیان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل" و ئاماژەی بەوەشکرد "تەواوی ناوچەکە"ش وانەیەک لە هێزی ئیسرائیل فێر دەبن.
حوسییەکان لە راگەیێندراوێکی مەکتەبی سیاسییاندا بەڵێنی وەڵامدانەوەیان دا و گوتیان، "لە شەڕی دژی ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانی لانادەین تاوەکو دەستدرێژییەکان رادەگیرێن و گەمارۆی (ئیسرائیل) لەسەر غەززە هەڵدەگیرێ."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، حوسییەکان چەندین جار مووشەک و درۆنیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و دەڵێن بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان ئەو کارە دەکەن.
زۆربەی هێرشەکانی حوسییەکان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە پووچەڵکراونەتەوە، بەڵام بوونەتەهۆی ئەوەی ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر یەمەن تۆڵەیان لێ بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ