رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی نەسر لە خان یونس، خەڵک بەدوای قوربانییان دا دەگەڕێن. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی تووندی لە بێدەنگیی "شۆکهێنەری" جیهان گرت سەبارەت بە جەنگی غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لانیکەم 20 کوژراوی لێکەوتەوە، کە پێنجیان رۆژنامەڤان بوون.
رۆژی دووشەممە 25-08-2025 فیلیپ لازارینی، سەرۆکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA)، هێرشەکەی بە "بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی کە راپۆرتیان لەسەر منداڵانی برسی دەکرد" وەسفکرد.
لازارینی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ساردوسڕی و بێکردەوەیی جیهان شۆکهێنەرە."
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، درۆنێکی ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس لە باشووری غەززە کردووەتە ئامانج و دوای ئەوە لە کاتی گواستنەوەی بریندارەکاندا هێرشێکی ئاسمانی کراوە.
ئاژانسەکانی رۆیتەرز، ئەسۆشیەیتد پرێس و جەزیرە رایانگەیاند، پەیامنێرەکانیان لەنێو ئەو رۆژنامەڤانانەدان کە لە هێرشەکەدا کوژراون.
"رۆژنامەڤانان ئامانج نین. نەخۆشخانەکان ئامانج نین"
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هێرشەکەی سەرکۆنەکرد و جەختی کردەوە: "رۆژنامەڤانان ئامانج نین. نەخۆشخانەکان ئامانج نین."
راڤینا شەمداسانی، گوتەبێژی نووسینگەکە گوتی: "کوشتنی رۆژنامەڤانان لە غەززە دەبێت جیهان شۆک بکات، نەک بە بێدەنگییەکی سەرسوڕهێنەر، بەڵکو بە کردەوە، بە داواکردنی لێپرسینەوە و دادپەروەری."
شەمداسانی گوتیشی: "لە دۆخی جەنگ و برسێتیدا، بەردەوام رۆژنامەڤانانی نێودەوڵەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە رێگرییان لێدەکرێت بچنە ژوورەوە. لانیکەم 247 رۆژنامەڤانی فەلەستینی لە غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە کوژراون."

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، چوار کارمەندی تەندروستیش لەنێو کوژراوەکاندان.
گیبریسیوس لە پۆستێکدا لە ئێکس گوتی: "پەنجا کەسی دیکە بریندار بوون، لەنێویاندا چەند نەخۆشێکی قورس کە پێشوەختە چاودێرییان دەکرا."
بەڕێوەبەری WHO گوتیشی: "ناتوانین لەوە بەرزتر بیڵێین: هێرشکردنە سەر چاودێریی تەندروستی رابگرن. ئێستا ئەو ئاگرە راگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ