رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای لێبووردنی کرد بۆ ئەو هێرشەی کە بووە هۆی کوژرانی 20 کەس، لەنێویاندا پێنج رۆژنامەڤان و بە "رووداوێکی دڵتەزێن" ناوی برد.
نەتەنیاهوو لە راگەیێنراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "ئیسرائیل زۆر نیگەرانە بۆ ئەو رووداوە دڵتەزێنەی کە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ناسر لە غەززە روویدا."
گوتیشی: "ئیسرائیل بەهای کاری رۆژنامەڤانان، کارمەندانی پزیشکی و هەموو هاووڵاتییانی سڤیل دەزانێت."
پەیامنێرانی ئاژانسەکانی رۆیتەرز، ئەسۆشیەیتد پرێس و جەزیرە لەنێو کوژراوەکاندا بوون.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاردانەوەیەکی کورتدا لەسەر هێرشەکە، رایگەیاند کە ئاگاداری رووداوەکە نەبووە، "بەڵام پێم ناخۆشە."
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆی لە لێدوان بەدوور گرت و پرسیارەکانی ئاڕاستەی حکومەتی ئیسرائیل کرد.
رۆژی دووشەممە 25-08-2025، بەرپرسانی تەندروستیی فەلەستین رایانگەیاند، کامێرامان حوسام میسری، کە بە گرێبەست کاری بۆ رۆیتەرز دەکرد، لە هێرشێکدا کوژرا.
بەرپرسانی نەخۆشخانەکە و شایەتحاڵان رایانگەیاند، ئیسرائیل پاشان بۆ جاری دووەم هێرشی کردووەتە سەر شوێنەکە و رۆژنامەڤانانی دیکە و هەروەها کارمەندانی رزگارکردن و پزیشکەکانی کوشتووە، کە بەپەلە گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە بۆ یارمەتیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ