154 هاووڵاتیی فەلەستینیی دواى ئازادکردنیان لە ئیسرائیل رەوانەى میسر کران

25-10-2025
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پرۆسەى گۆڕینەوەى بارمتەکانى ئیسرائیل لە غەززە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکان، 154 فەلەستینى دواى ئازادکردنیان لە ئیسرائیل رەوانەى میسر کران.
 
زۆرینەى ئەو کەسانە لە دادگاکانى ئیسرائیل بە تۆمەتەکانى وەک "کوشتن، ئەندامى رێکخراوى تیرۆریستى و جۆرەکانى دیکەی تووندوتیژى"، سزاى زیندانیی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو هاووڵاتیانە دواى ئازادکردنیان، بە پاسێک بۆ میسر گوێزرانەوە و لەوێ لە هۆتێلێکدا لەژێر چاودێرییەکى چڕدا دەمێننەوە.
 
موراد ئەبو روب، تەمەن 45 ساڵ، یەکێک لەو کەسانەیە کە 20 ساڵى تەمەنى لە زیندانەکانى ئیسرائیل بەسەربردووە، بەهۆی ئەندامبوونى لە گرووپێکی چەکدار. ئەو هاووڵاتییە ماڵی لە جەنینی فەلەستینە و دەڵێت: "20 ساڵە لە خێزانەکەم دوورم. ئێستاش کە ئازادم هیچ شتێک نەگۆڕاوە و هێشتا ناتوانم دایکم، خوشک و براکانم ببینم". 
 
لەو کاتەوەی ئاگربەستى ئیسرائیل و حەماس لە 10ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتوەتە واری جێبەجێکردنەوەوە، حەماس هەموو بارمتەکانی ئازادکردووە، لە بەرامبەردا ئیسرئیل 2000 زیندانیی فەلەستینیی ئازادکردووە. زۆربەی فەلەستینییەکان گەڕانەوە غەززە و کەرتى رۆژئاوا، بەڵام ئەوانەى سزاى تاهەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو، نێردرانە میسر. 
 
حکومەتى میسر هیچ لێدوانێکى لەبارەی ئەو کەسانە نەداوە؛ ئەوانیش لە چاوەڕوانى و نادڵنیایی ماونەتەوە.
 
کامل ئەبوحەنیش، یەکێکی دیکەیە لەو هاووڵاتییانەی 22 ساڵى تەمەنى لە زیندانەکانى ئیسرائیل بەسەربردووە و ئێستا دڵخۆشە ئازادکراوە و دەڵێ: "بەر لە 7ى ئۆکتۆبەر، ئازادییەکى باشترمان لە زیندانەکان هەبوو، دەمانتوانى وەرزش بکەین و بخوێنینەوە و رۆژانە بەیەکەوە کۆببینەوە، بەڵام دواى رووداوەکان، تەنانەت سەرین و پێخەفەکانیشیان لێسەندین."
 
رێکخراوەکانى مافى مرۆڤیى فەلەستینی و بەشێکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش باس لە پێشێلکاریی بەرفراوان لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام تەلئەڤیڤ دەڵێ، مامەڵەکردنی لەگەڵ زیندانییان لە چوارچێوەى یاسادایە و پێشێلکاری ناکرێ. 
 
بەگوتەى دەسەڵاتیی فەلەستینی، نزیکەى 11 هەزار زیندانیی فەلەستینی لە زیندانەکانى ئیسرائیلن.
 
چارەنووسی ئەو 154 فەلەستینییە نادیارە. ئەوەى زانراوە ئەوەیە کە قەتەر تێچووى مانەوەیان لە میسر دەدات و رەنگە لە داهاتوودا بگوازرێنەوە بۆ قەتەر، تورکیا، پاکستان یان مالیزیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە