تەرمی بارمتەیەکی دیکە رادەستی ئیسرائیل کرایەوە

25-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور تەرمی یەکێک لەو بارمتانەی رادەستکردووەتەوە کە لە کەرتی غەززە بوو. ئاماژەی بەوەش داوە، تەرمەکە بۆ ناسینەوەی دەگوازرێتەوە بۆ دادپزیشکی.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل، پێش ئەم رادەستکردنەوەیە، سێ بارمتە لە کەرتی غەززە مابوون کە دووانیان هاووڵاتیی ئیسرائیل و ئەوی دیکەیان هاووڵاتییەکی تایلاندی بوو.
 
رادەستکردنەوەی بارمتەکان بەشێکە لە رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی رابردووەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەمڕۆ، ئیسرائیل لە رێگەی خاچی سوورەوە تەرمی بارمتەیەکی وەرگرتەوە."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، "تەرمەکە لەنێو کەرتی غەززەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئیسرائیل و لێرە لە رێوڕەسمێکی سەربازیی فەرمیدا پێشوازیی لێدەکرێت. پاشان، بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی و ناسینەوەی کۆتایی، دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری نیشتمانیی دادپزیشکیی سەر بە وەزارەتی تەندروستی."
 
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رایگەیاند، "وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی بارمتەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کردووە." خاچی سوور باسی لەوە کردووە، "ئەم هەنگاوە لەسەر داوا و بە رەزامەندیی هەردوو لایەنی جەنگەکە کراوە" و رایگەیاند، ئەوان هیچ بەشدارییەکیان لە پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمەکەدا نەکردووە.
 
باڵی سەربازیی جیهادی ئیسلامی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە، تەرمێکیان دۆزیوەتەوە.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەکە لە 10ی تشرینی یەکەم، گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان 20 بارمتە و تەرمی 28 بارمتەیان لابوو. هەموو بارمتە زیندووەکان ئازادکراون و ئێستا ئیسرائیل چاوەڕێی وەرگرتنەوەی دوایین دوو تەرم دەکات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل نزیکەی 2000 زیندانیی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد کردووە و تەرمی سەدان فەلەستینیی گەڕاندووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە