رووداو دیجیتاڵ
دواى نۆ ساڵ لە داخستنى، عێراق باڵیۆزخانەکەى لە تەرابلوسی پایتەختى لیبیا دەکاتەوە و گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراقیش دەکرێتە سەرۆکى نێردەى دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەکە.
رۆژی 25ى کانوونى یەکەمى 2023، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ى کانوونى یەکەمی 2023 باڵیۆزخانەکەیان لە تەرابلوسی پایتەختى لیبیا کردووەتەوە، بۆ خزمەتکردنى رەوەندى عێراقى لەو وڵاتە.
لەساڵى 2014 وەزارەتى دەرەوەى عێراق، باڵیۆزخانەکەى لە لیبیا داخست، بەهۆى خراپى دۆخى ئەمنى ئەو وڵاتە و دروستبوونى شەڕ و ململانێى سەربازیى لە نێوان گرووپە ناکۆکەکانى ئەو وڵاتە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاشکرایکردووە، کە ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى ئەو وەزارەتە، وەک سەرۆکى نێردەى دیپلۆماسی عێراق لەو باڵیۆزخانەیە دیاریکراوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارتى دەرەوەى عێراق، نزیکەى 10 هەزار عێراقى لە لیبیا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ