بەرپرسانی ئێران وردەکاریی کوژرانی فەرماندەکەی سوپای پاسداران لە سووریا ئاشکرا دەکەن

25-12-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ فەرماندەیەکی باڵای فەیلەقی قودس کە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە بەرپرسی لۆجیستیی هێزەکانی ئێرانە لە سووریا و لوبنان، لەنێو ماڵەکەیدا لە دیمەشق کرایە ئامانج و بەرپرسانی ئێرانیش وردەکاریی کوژرانەکەی ئاشکرا دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کوژرانی سەرتیپ سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەیەکی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نەداوە، بەڵام باڵیۆزی ئێران لە سووریا چۆنییەتی کوژرانەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "ئەوە دووەم جارە رژێمی زایۆنی راوێژکارانی ئێران لە سووریا دەکاتە ئامانج".
 
حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا لەبارەی وردەکاریی کوژرانی سەید رەزی مووسەوی بە کەناڵی خەبەری وڵاتەکەی راگەیاند: "کاژێر دووی نیوەڕۆ سەید رەزی مووسەوی لە باڵیۆزخانە بوو، دواتر کە کاروبارەکانی تەواوکرد، گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق، کاژێر 04:10ـی ئێوارە بە سێ مووشەک لە ماڵەکەی خۆیدا کرایە ئامانج".
 

 
باڵیۆزی ئێران لە سووریا، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "لەکاتی هێرشە مووشەکییەکە سەرتیپ مووسەوی بەتەنیا لەماڵەوە بووە، لەبەر ئەوەی هاوژینەکەی مامۆستایە و ئەوکاتە لە قوتابخانە بووە، بۆیە لەو هێرشەدا رزگاری بووە".
 
جەعفەر ئەسەدی، یەک لە فەرماندە باڵاکانی دیکەی فەیلەقی قودس لە سووریا بە میدیای فەرمی سوپای پاسدارانی راگەیاندووە: "هەفتەی رابردوو رژێمی زایۆنی، ماڵی سەید رەزی مووسەوی بە مووشەک کردە ئامانج، بەڵام لەو کاتەدا لەماڵ نەبوو و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە".
 
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران پێیوایە؛ "ئەمجارەیان ئیسرائیل لە رێگەی سیخوڕەکانییەوە توانی شوێنی سەید رەزی مووسەوی دەستنیشان بکات و لە رێگەی سێ مووشەکەوە بە ئامانجی بگرێت".
 
ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەید رەزی مووسەوی وەکو راوێژکاری فەیلەقی قودس پێناسە کردووە کە ئەرکی سەرەکیی "پشتیوانی لۆجستی لە بەرەی موقاوەمە لە سووریا" بووە.
 
لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا ساتی بە ئامانجگرتنی شوێنی مانەوەی فەرماندەکەی سوپای پاسدارانی ئێران دەردەکەوێت. 

 

بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران؛ "مووسەوی لە نەوەتەکانەوە بەرپرسی پشتیوانی و لۆجەستی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە لە سووریا و لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو بەرپرسی گەیاندنی چەک و لۆجەستیی سەربازی بووە" بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی ئێران لە سووریا و لوبنان.
 
لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران راگەیێندراوێکی لەسەر کوژرانی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە سووریا بڵاوکردەوە و گوتی: "بێگومان ئەو کارە نیشانەیەکی دیکەی بێزراویی و بێدەسەڵاتیی رژێمی زایۆنییە [ئیسرائیل] لە ناوچەکە".  گوتیشی: "بەدڵنییایەوە دەبێت ئیسرائیل باجی ئەو تاوانەی بدات".
 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە