جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا: شتێک نییە بە ناوی رێڤەبەریی خۆسەر

26-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بەسام سەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا.
بەسام سەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان بە رووداوی راگەیاند، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریا نایاساییە و "دەبێت تەنیا رێگە بە سوورییەکان بدرێت، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن." 
 
لە 21ـەمین گەڕی کۆبوونەوەی ئەستانەی پایتەختی کازاخستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا کە لە دوو رۆژدا بەڕێوەچوو؛ بەسام سەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا کە بۆ گفتوگۆکانی ئەستانە لە کازاخستانە، بە کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لەبارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی باکووری رۆژهەڵاتی فورات، ئێمە پێمانوایە ئاستەنگی هەرە سەرەکیی، بوونی نایاسایی و ناڕەوای هێزەکانی ئەمریکایە لەسەر خاکی سووریا کە سەروەری سووریا پێشێل دەکات."
 
سەباغ پێیوایە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانە "سوورییەکان لە سامانە سروشتییەکانیان بێبەش دەکات لە رێگەی دزینی نەوت و گەنم. پێمانوایە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریا، بەربەستێکی دیکەیە لە بنبڕکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەم ناوچەیە بەتایبەتی رێکخراوی داعش." 
 
کامیز شەدادی لەبارەی دیالۆگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیریی رووسیا، پرسیارێکی ئاڕاستەی جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا کرد کە ئەو دانوستاندنە بەکوێ گەیشتووە و ئەو لەپمەرانە چین کە رێگە لە نزیکبوونەوەی هەردوولا دەگرن؛ بەڵام بەسام سەبا‌غ بوونی "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردانی"ی رەتکردەوە و رایگەیاند، "دەمەوێ دوو بابەت روون بکەمەوە. یەکەمیان: هیچ شتێک بەم ناوانە لە ناو خاکی کۆماری عەرەبی سووریادا نییە، ئەم جۆرە ناو و دەستەواژانە دروستکراون و رەواییان نییە و بەهیچ شێوەیەک بنەمایەکی یاساییان نییە."
 
لەبارەی پەیوەندییەکان و دیالۆگی پێکهاتەکانیش، سەباغ رایگەیاند، "حکومەتی سووریا بۆ ئەم دیالۆگە کراوەیە. ئێمە لە چوارچێوەی لیژنەی تاوتوێکردنی دەستوور لە جنێف، لەوێ دیالۆگی سووری-سووری بە موڵکداریی سووری هەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەی دەبات. ئێمە لە دیمەشق کراوەین بۆ ئەنجامدانی ئەم دیالۆگانە لەگەڵ سوورییەکان." 
 
جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش گوتی، "لەبارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی باکووری رۆژهەڵاتی فورات، ئێمە پێمانوایە ئاستەنگی هەرە سەرەکیی، بوونی نایاسایی و ناڕەوای هێزەکانی ئەمریکایە لەسەر خاکی سووریا کە سەروەری سووریا پێشێل دەکات. هەروەها سوورییەکان لە سامانە سروشتییەکانیان بێبەش دەکات لە رێگەی دزینی نەوت و گەنم. پێمانوایە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریا، بەربەستێکی دیکەیە لە بنبڕکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەم ناوچەیە بەتایبەتی رێکخراوی داعش. بۆیە ئەگەر بمانەوێت کلیلی دەسپێکی گفتوگۆ و دیالۆگەکان بدۆزینەوە، نابێت دەستوەردانی بیانی و دەرەکیی لەم دیالۆگەدا هەبێت. دەبێ تەنیا رێگە بە سوورییەکان بدرێت، خۆیان بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیان بدەن."
 
کۆبوونەوەکانی ئەستانە لە ساڵی 2017 لەلایەن تورکیا، رووسیا و ئێرانەوە بە مەبەستی فەراهەمکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا دەستیانپێکرد.
 
 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە