تەندروستیی لوبنان: سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان 15 کەسی کوشت

26-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، سوپای ئیسرائیل تەقەی لە چەند دانیشتوویەکی باشووری لوبنان کردووە کە هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانی خۆیان دەدا، لە رووداوەکە 15 کەس کوژراوە و دەیانی دیکە بریندار بوون.
 
رۆژی یەکشەممە 26-01-2025 وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند: "لە دووژمنکارییەکی ئیسرائیل لە دژی هاووڵاتییەکانمان کە دەگەڕانەوە گوندە داگیرکراوەکانی خۆیان، 15 کەس شەهید بوون کە یەکێکیان سەربازی سوپای لوبنانە و سێ کەسیان ژنن."
 
بەگوێرەی تەندروستیی لوبنان، 83 کەس بریندار بوون، یەکێک لە بریندارەکان سەربازی سوپای لوبنانە. سەرەتا وەزارەتەکە رایگەیاند، 11 کەس کوژراون.
 
27ـی تشرینی دووەمی پار، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا ئاگربەستێکی 60 رۆژە لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل واژۆکرا. بەگوێرەی یەکێک لە مەرجەکان، ئیسرائیل پێویستبوو ئەمڕۆ یەکشەممە لە باشووری لوبنان بکشێتەوە، واتا ئەمڕۆ یەکشەممە دوا وادەی هێزە ئیسرائیلییەکان بوو لە باشووری لوبنان، بەڵام نەکشانەوە.
 
هەر بەگوێرەی مەرجەکان، پێویستبوو چەکدارانی حیزبوڵڵا بەرەو باکووری رووباری لیتانی بکشێنەوە واتا 30 کیلۆمەتر لە دووریی سنووری ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ئینجا سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە باشوور و بیپارێزن؛ بەڵام ئیسرائیل بە بیانووی ئەوەی سوپای لوبنان نەچوونەتە باشوور و جموجۆڵی حیزبوڵڵاش هەیە، نەکشاوەتەوە.
 
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە نزیک یەکێک لە گوندەکانی باشووری لوبنان بینراوە کە هەندێکیان ئاڵای زەردی حیزبوڵڵایان بەسەرەوە بووە و هەوڵیانداوە بچنە نێو گوندەکە.
 
عەلی حەرب، لوبنانییەکی تەمەن 27 ساڵە و خەڵکی گوندی کەفر کیلایە، گوتی: "دەچینەوە گوندەکانمان و دووژمنە ئیسرائیلییەکانیش دەڕۆن، تەنانەت ئەگەر گیانیشمان بەخت بکەین."
 
وێنەکانی نەسروڵڵا
 
چەند دانیشتوویەکی گوندەکان لەکاتی گەڕانەوەیان بەپێ و ماتۆرسکیل بۆ شارۆچکەی مەیسل جەبەل، وێنەی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵایان بەرزکردبووەوە. چەند ژنێکیش بە جلی رەشەوە وێنەی ئەو کەسوکارانەیان هەڵگرتبوو کە پێشتر کوژرابوون.
 
حەسەن نەسروڵڵا رۆژی 27ـی ئەیلوولی پار، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کوژرا.
ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی 60 گوندی باشووری لوبنان کرد و گوتی: "نەگەڕێنەوە."
 
حەسەن فەزلەڵڵا، ئەندام پەرلەمانی لوبنان و ئەندامی حیزبوڵڵا لەسەر سنووری شارۆچکەی عیتا شەعب لە باشووری وڵاتەکە، پەسنی گەڕانەوەی هاووڵاتییەکانی بۆ زێد و ماڵەکانی خۆیان کرد.
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی تازە دەستبەکاربووی لوبنان کە ئەمریکا و رۆژئاوا پشتیوانی دەکەن، پێشتریش فەرماندەی گشتیی سوپای وڵاتەکەی بوو، داوای لە هاووڵاتییەکانی خۆی کرد "سارد ببنەوە و متمانە بە سوپا بکەن. ئەوان دەیانەوێت لە پارێزراویی ئێوە دڵنیاببنەوە."
 
رۆژی شەممە، سوپای لوبنان رایگەیاند، دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەهۆی نەکشانەوەی سوپای ئیسرائیلە لە باشووری وڵاتەکە. 
 
جێنین پلاسخارت، هاوئاهەنگیکاری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (یونیفیل) راگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و گوتیان: "هێشتا ئەو رێککەوتنەی واژۆی لەسەرکرا جێبەجێ نەکراوە. هەروەک ئەمڕۆ بەیانی چەند رووداوێکی تراژیدی روویاندا. هێشتا هیچ هەلومەرجێکی سەلامەت بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ گوندەکانیان، بە درێژایی هێڵی شین، نییە. داوا لە دانیشتووان دەکەین وریا بن".
 
هێڵی شین (Blue Line) ئەو سنوورەیە کە هێزەکانی یونیفیل لێیان جێگیر کراون و دەیپارێزن. ئەوان چەند جارێک لەگەڵ سوپای ئیسرائیل پێکدادانیان هەبووە.
 
ئێستا سوپای ئیسرائیل ئەو ناوچانەی باشووریان چۆڵکردووە کە لە کەناراوی رۆژئاوای لوبنان نزیکن، بەڵام لە ناوچەکانی رۆژهەڵات ماون.
 
رۆژی هەینی 24-01-2025 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێنراوێک بڵاویکردەوە: "هێشتا رێککەوتنەکە بە تەواوی لە لایەن دەوڵەتی لوبنانەوە کاری پێنەکراوە، بۆیە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بە پلەبەندی دەبێت و دەچێتە دوای رۆژی یەکشەممە."
 
سوپای لوبنانیش بڵاویکردەوە، هەرکاتێک ئیسرائیل کشایەوە، ئەوانیش دەگەنە ناوچەکە.
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی بە وەکالەتی لوبنان، داوای لە ئەمریکا و فەرەنسا کرد، "گوشار لە دووژمنی ئیسرائیلی بکەن بۆ ئەوەی بکشێنەوە."
 
میدیای فەرمیی لوبنان دەڵێت، ئیسرائیل لە چەند گوندێک خەریکی رووخاندنی ماڵ و موڵکی خەڵکە.
 
رۆژی 24ـی مانگ جۆزێف عەون لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەرەنسییەکەی قسەیکرد و باسیان لە، "پێویستیی پابەندبوونی ئیسرائیل بە مەرجەکان و رێزگرتنی کرد و گوتیان، مەرجە ئیسرائیل واز لە خاپوورکردنی گوندەکانی سەر سنوور بهێنێت".
 
نووسینگەی ماکرۆن بڵاویکردەوە، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، رێز لە پابەندییەکانیان بگرن.
 
جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 08ـی ئۆکتۆبەری 2023، واتا رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە دەستیپێکرد. حیزبوڵڵا خۆی بە هاوپەیمانی حەماس ناساند و سەرەتا بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە، بەڵام لە ئەیلوولی پارەوە هێرش و بۆردوومانەکانی سەر لوبنان زیادیانکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە