رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ رێگەیان بە ناردنی بارێکی بۆمبی '2000 پاوندی' بۆ ئیسرائیل دا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد. ترەمپیش دەڵێت، زۆربەی ئەو شتانەی ئیسرائیل داوای کردبوون و پارەی بۆ دابوون، بەڕێکراون.
رۆژی یەکشەممە 26-01-2025 جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی: "زۆر سوپاس سەرۆک ترەمپ، بۆ دووبارە پێشاندانی سەرکردایەتی و ناردنی ئەو پاکێجە گرنگەی بەرگری بۆ ئیسرائیل. ناوچەکە سەلامەتتر دەبێت، ئەگەر ئیسرائیل ئەوەی بۆ بەرگری پێویستییەتی هەیبێت".
ئەو پاکێجەی ساعر باسی کرد، بریتییە لە بۆمبی 2000 پاوندی واتە زیاتر لە 900 کیلۆیی، کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن وەستێنرابوو.
رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵی تایبەت بەخۆی رایگەیاند، "زۆربەی ئەو شتانەی ئیسرائیل داوای کردبوون و پارەی بۆ دابوون، کە لە لایەن بایدنەوە راگیرابوون، بەڕێکراون و لە رێگەن".
ترەمپ لە پۆستەکەی باسی هیچ جۆرە چەک و بۆمبێکی دیاریکراوی نەکردووە.
باراک راڤید، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە ئاژانسی هەواڵیی ئەکسیۆس نووسی، ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کردووە ئەو بارە بۆمبە 2000 پاوەندییە بۆ ئیسرائیل بنێرن.
لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی لە 2016 بۆ 2020، ترەمپ چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل هیچ هاوڕێیەکی لە ئەمریکا باشتری نییە.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشێکی زەوینیی گەورەی کرد بۆ سەر باشووری غەززە و رەفەح، واشنتن دژی ئەو خواستە وەستایەوە و بارێکی بۆمبی 2000 پاوندی راگرت.
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەوکات رایگەیاند، بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە دەبنە هۆی "لەنێوچوون و تراژیدیای گەورەی مرۆیی".
هەفتەی پێشوو، لە 19-01-2025 ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە ئاگربەست و جەنگ لە کەرتەکە وەستا، ئەمەش دوای ئەو هێرشەی بزووتنەوە فەلەستینییەکە کە لە 07ـی ئۆکتۆبەر کردییە سەر ئیسرائیل و 15 مانگ جەنگی لێکەوتەوە.
لەو رۆژەوە، حەماس 7 بارمتە و ئیسرائیلیش 290 بەندکراوی ئازادکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ