لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: لە 2025 دا ئیسرائیل دوو لەسەر سێی میدیاکارانی جیهانی کوشتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، ساڵی 2025 بووەتە کوشندەترین ساڵ بۆ میدیاکاران لەوکاتەوەی لە سێ دەیەی رابردوودا دەستیان بە کۆکردنەوەی داتاکان کردووە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە، 129 رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، کە ئیسرائیل بەرپرسیارە لە کوشتنی دوو لەسەر سێی ئەو ژمارەیە.
 
ئیسرائیل و غەززە؛ گۆڕەپانی مەرگی میدیاکاران
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، 86 رۆژنامەڤان بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون، زیاتر لە 60٪یان ئەو رۆژنامەڤانە فەلەستینییانە بوون کە لە ناو کەرتی غەززەوە رووماڵیان دەکرد. 
 
جۆدی گینسبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری CPJ گوتی: "رۆژنامەڤانان بە ژمارەی پێوانەیی دەکوژرێن لە کاتێکدا دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە هەموو کاتێک گرنگترە. کاتێک میدیاکارێک بەهۆی کارەکەیەوە دەکوژرێت، ئێمە هەموومان دەکەوینە مەترسییەوە."
 
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رەخنەی لە راپۆرتەکە گرت و بە "پێشوەختە و بێ بەڵگە" وەسفی کرد. گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "زۆرجار تیرۆریستەکان جلی سڤیل یان رۆژنامەڤان دەپۆشن بۆ کردنی کارە تێکدەرەکانیان. هەر هەنگاوێکمان بەرامبەریان نابێت، تەنیا بەهۆی تێوەگلانیان بووە لە کاری تیرۆریستی نەک شتی دیکە."
 
درۆن؛ ئامرازە نوێیەکەی کوشتن
 
یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکانی راپۆرتەکە، زیادبوونی بەکارهێنانی درۆنە بۆ کوشتنی میدیاکاران. لیژنەکە توانیویەتی 39 حاڵەت تۆمار بکات، کە 28 یان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە، پێنجیان لەلایەن هێزەکانی پشتگیریی خێرا (RSF) لە سوودان، و چواریان لەلایەن رووسیاوە لە ناو خاکی ئۆکرانیا کراون.
 
راپۆرتەکە تیشکی خستە سەر وڵاتانی دیکەش؛ لە مەکسیک 6 رۆژنامەڤان کوژراون و لە فلیپین سێ کەس، زۆربەی کەیسەکان بەبێ سزادانی تاوانباران ماونەتەوە. لە بەنگلادیش، هیندستان و پیرۆش میدیاکاران بەهۆی راپۆرتەکانیان لەسەر گەندەڵی و تاوانی رێکخراو، کراونەتە ئامانج.
 
لە راپۆرتەکە ئاماژەی بە لەسێدارەدانی تورکی جاسر، نووسەری دیاری سعودی کردووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیەوە. ئەمە یەکەم حاڵەتی تۆمارکراوی کوشتنی رۆژنامەڤانە لەو وڵاتە لە دوای کوژرانی جەمال خاشقچی لە ساڵی 2018دا.
 
CPJ هۆشداری دا کە فەرهەنگی "دەربازبوون لە سزا" وادەکات رۆژنامەڤانان زیاتر بکەونە مەترسییەوە، چونکە لێکۆڵینەوەی شەفاف لە کوشتنەکاندا ناکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە