پزیشکیان وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: هەرکەس دەڵێت 32 هەزار کەس کوژراوە با بەڵگە بهێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەی دەداتەوە و دەڵێت، هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات ژمارەی قوربانیان زیاترە لەوەی حکومەت رایگەیاندووە، پێویستە بەڵگەکانی بخاتەڕوو.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانانی پارێزگای مازەندەران، قسەکانی دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە کە گوتبووی لە ناڕەزایەتییەکاندا هێزە ئەمنییەکانی ئێران 32 هەزار کەسیان کوشتووە.
 
پزیشکیان رایگەیاند: "ناسنامەی قوربانییانی رووداوەکانی ئەم دواییەمان لەگەڵ کۆدی نیشتمانیی ئەو کەسانە بڵاوکردووەتەوە؛ هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات ژمارەکە لەوە زیاترە، پێویستە بە بەڵگەوە بیسەلمێنێت."
 
حکومەتی ئێران تەنیا دان بە کوژرانی سێ هەزار و 117 کەسدا دەنێت و دەڵێت، زۆربەی ئەو کەسانە لەلایەن "ئاژاوەگێڕان" و کەسانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژراون. لە بەرامبەردا، ئاژانسی "هەرانا" بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە کە لە خۆپێشاندانەکاندا زیاتر لە حەوت هەزار کەس کوژراون و پێشبینیش دەکات ژمارەکە لەوەش زیاتر بێت.
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لەنێوان ناڕەزایەتی و تووندوتیژیدا جیاوازی بکرێت، گوتیشی: "کەسێک کە ناڕازییە قوتابخانە وێران دەکات؟ یان ئاگر لە مزگەوت بەردەدات؟ کەسێک چەکی بەدەستەوە بێت و بەدوای نائەمنیدا بگەڕێت، ناچێتە چوارچێوەی ناڕەزایەتیی ئاشتیانە."
 
بە گوتەی پزیشکیان، لە خۆپێشاندانەکاندا لە نێوان 350 بۆ 400 کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون، هەروەها 350 مزگەوت و زیاتر لە 300 قوتابخانە زیانیان پێگەیشتووە یان وێران کراون.
 
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وەڵامی گوتاری ساڵانەی دۆناڵد ترەمپی دابووەوە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی ترەمپ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکی و ژمارەی قوربانیان گوتوویەتی "تەنیا دووبارەکردنەوەی درۆی گەورەن."
 
دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس رایگەیاند، تاران بەدوای پەرەپێدانی مووشەکێکەوەیە کە بتوانێت خاکی ئەمریکا بپێکێت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیشی بە کوشتنی 32 هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا تۆمەتبار کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە: ئەرشیڤ

25 بۆ 40 ملیۆن دۆلاری رۆژانە خەرجی جووڵە و ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا

واشنتن رۆژانە بڕی 25 بۆ 40 ملیۆن دۆلار لە جووڵە و ئامادەکارییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەرج دەکات. بەشی زۆری ئەم خەرجییەش پەیوەندی بە جووڵە و کارپێکردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن و جێراڵد فۆردەوە هەیە