رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی داعش لەگەڵ ئەوەی لە رووی سەربازییەوە شکستیهێناوە و ئەو خاکەی لەژێر دەستیدا بوو، لەدەستیداوە، بەڵام ئامادەبوونی ئەم رێکخراوە لە فەزای ئینتەرنێتدا هێشتا وەک مەترسییەکی بەردەوام لەلایەن دەزگە نێودەوڵەتییەکانەوە سەیر دەکرێت. بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەنتەری ئەزهەر بۆ چاودێری، داعش لە مێژووی نزیکدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی بەکارهێنانی میدیای کۆمەڵایەتیدا کردووە.
لە سەرەتادا پێشتر بە شێوەیەکی ئاشکرا لە پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی میدیای کۆمەڵایەتی وەک فەیسبووک، تویتەر و یوتیوب کارەکانیان بڵاودەکردەوە، بەڵام ئێستا ناچارن بەرەو فەزا نهێنی و کەمتر چاودێریکراوەکان بڕۆن. ئەم گۆرانکارییە بە هۆی سیاسەتی تووندی کۆمپانیا تەکنەلۆژییە گەورەکانە لە دژی ناوەڕۆکی هەواڵ و بڵاوکراوەی تووندڕۆیانە، بەجۆرێکە هەژمار و ناوەڕۆکە ناپەسندەکان بە خێرایی رەش دەکرێنەوە و سانسۆر دەکرێن. هەروەها گەشەکردنی هەڵمەتی دیجیتاڵیی هێزە ئەمنییەکان بۆ چاودێری و شوێنکەوتنی گرووپە تووندئاژۆکان.
ئێستا داعش زۆر پشت بە ئەپی تێلیگرام دەبەستێت، کە لە تەنها چارەکی سێیەمی 2024دا، 189کەناڵی لەوێ داخراوە و 34.6 ملیۆن ناوەڕۆکی لابراوە، ئەمە بەپێی سەنتەری Etidal. لە کۆی گشتیدا لە شوباتی 2022ـەوەوە تاوەکو حوزەیرانی 2024، زیاتر لە 14,193 کەناڵ کە بابەتی تووندڕەویان بڵاوکردووەتەوە داخراون و 94 میلیۆن ناوەڕۆکی تووندڕەوانەش لابراون. داعش کەناڵە تایبەتەکان بەکاردەهێنێت و بەستەرەکان بەردەوام دەگۆڕێت، ئاژاسنی "ئەعماق" و رۆژنامەی هەفتانەی "النبأ" بڵاودەکاتەوە و زۆر بەباشی سوودی لە تێلیگرام وەرگرتووە.
سەرەڕای ئەمانەش، رێکخراوەکە پلاتفۆرمی کەمتر دیار و بەنێوبانگ و جێگیر بەکاردەهێنێت کە کەمتر چاودێری دەکرێن. ستراتیژی نامەرکەزیەتی داعش پشت بە تۆڕێک لە پشتیوان و هەواداران دەبەستن، ئەمانە هەژماری کاتی دروست دەکەن، ناوەڕۆک هاوبەشی پێدەکەن لەگەڵ وەرگێڕان بۆ زمانە جیاوازەکان پێش ئەوەی بسڕدرێتەوە.
بەپێی راپۆرتی چاودێریکردنی ئەزهەر، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی ناوەڕۆک، تەکنیکی Deepfake بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی چەواشەکار، هەروەها بەرهەمهێنانی پرۆپاگەندەی پێشکەوتووتر لە کارە نوێیەکانی رێکخراوەکەدایە. لە هەمان کاتدا ئاژاسنی "ئەعماق" هێشتا لە رێگەی کەناڵەکانی تێلیگرامەوە راگەیێندراو دەردەکات کە زۆرجار کورتن و بەرپرسیارێتی هێرشەکان لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها رۆژنامەی "النبأ" وەک بڵاوکراوەیەکی هەفتانەی وردتر هەواڵی کردارەکانی رێکخراو، وتاری ئایدۆلۆژی، پەیامی ئاراستەکراو بە شوێنکەوتووان دەگەیێنێت.
لە رێگەی ئەو کەناڵانەی کە کەمترین تەمەنیان و لە مارسی 2023ـوە، داعش بەرپرسیارێتی 1,121 هێرشی لە ئەستۆ گرتووە لە سەرتاسەری جیهان، لەگەڵ ئەوەی لە سووریا تەنها هێرشەکان سێ هێندە زیادیان کردووە و لە 2024دا گەیشتووەتە 700 هێرش. لە تورکیا و هەر لەو ساڵەدا 80 دۆسیەی تیرۆری پەیوەست بە داعش تۆمارکراوە، عێراق بە 63 دۆسیە لەنێویاندا هەشتیان لە هەرێمی کوردستانن، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا 54 دۆسیەی تۆمارکردووە.
داعش ئەو هێزەی جارانی نەماوە چەکداری بیانی لەخۆی کۆبکاتەوە، چونکە فاکتەری زەوینی نەماوە و چەکدارەکان شوێنی مەشق و مانەوەیان نییە هەروەها کەمکردنەوەی رێژەی داهاتی بەدەستهاتووە، ئەگەر لەگەڵ رابردوو بەراوردی بکەین نزیک دەبێتەوە لە سفر، لە 2015دا، 30 هەزار جەنگاوەری بیانی لە 85 وڵاتەوە پەیوەندیان بە داعش کردبوو، تاوەکو حوزەیرانی 2023 ئەمریکا بەتەنیا 39 هاووڵاتی خۆی گەڕاندووەتەوە لە ناوچەکەدا.
لەم قۆناخەدا داعش لە پلاتفۆرمە ئاشکراکانەوە بەرەو فەزای نیمچە نهێنی چالاکییەکانی گواستووەتەوە، ئێستا تەنیا ئاژانسی "ئەعماق" و رۆژنامەی "النبا"ی هەیە، واتە لەدەستدانی دەسەڵات بە مانای نەمان لە فەزای دیجیتاڵ ناگەیەنێت، گۆڕانکاری لە ستراتیژی روویداوە نەک وازهێنان لە چالاکی، نهێنی کارکردن و پەیوەندی نامەرکەزی وەک رێگای مانەوە بەکاردەهێنێت، تەکنەلۆژیای نوێ وەک چەکێکی نوێ بەکاریان هێناوە.
سەرەڕای لەدەستدانی دەسەڵاتی خاک و شکستە سەربازییەکان، ستراتیژیەتی دیجیتاڵی گۆڕیوە و لە فەزای ئۆنلاینەوە هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە. ئەم گۆڕانکارییانە واتای ئەوە نییە کە داعش لاواز بووە، بەڵکو تایبەتمەندتر و خۆشاردنەوەی زیاترە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستی بە چاودێری وردتر هەیە، هاوکاری نێودەوڵەتی پێویستە، تێگەیشتنی قووڵتر لە تەکنەلۆژیای نوێ داوا دەکات.
فەزای دیجیتاڵی هێشتا گۆڕەپانێکی سەرەکییە بۆ پرۆپاگەندە و کۆکردنەوەی داعش، ئێستا لە فەزایەکی قووڵتر، شاراوەتر، و پێچەوپێچتردا روودەدات و چالاکی زیاتری تێدا دەکات. ئەمە وێنای تەواوی دۆخی ئێستای داعش لە فەزای دیجیتاڵدایە، نە تەواو شکاو، نە تەواو بەهێز، بەڵکو گۆڕاو و نوێبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ