نەتەنیاهوو: ئەمشەو یان سبەی پەیامێکی گرنگمان لەبارەی بارمتەکانەوە دەبێت

26-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمشەو یان سبەی پەیامێکی گرنگیان لەبارەی چارنووسی بارمتەکانیان دەبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە راپۆرتە میدیاییەکان باس لە رازیبوونی حەماس دەکەن بە رێککەوتنێکی نوێ کە بریتییە لە ئاگربەستێکی 70 رۆژی بەرامبەر بە ئازادکردنی 10 بارمتە، بەڵام ئەمریکا ئەو راپۆرتانەی رەتکردووەتەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، رۆژی دووشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، سەبارەت بە چارەنووسی 58 بارمتە زیندوو و مردووەکانیان لە غەززە رایگەیاند، "بەڕاستی هیوادارم بتوانین شتێک لەبارەی بارمتەکانەوە رابگەیێنین، ئەگەر ئەمڕۆ نا، ئەوا سبەی." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ: "ئامانجی سەرەکیمان گەڕاندنەوەی بارمتەکانە" بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بەوە دەکات "هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ لەنێوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان."
 
لێدوانەکەی نەتانیاهوو دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرزەوە دێت کە گوایە بزووتنەوەی حەماس رازی بووە بە ئازادکردنی 10 بارمتە بە دوو قۆناخ، لە بەرامبەر ئاگربەستێکی 70 رۆژیدا.
 
دواتر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە  میدیای ئەمریکاوە، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە حەماس رازی بووبێت لەسەر پێشنیازەکەی بۆ رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست و لەوبارەیەوە ویتکۆف رایگەیان، " ئەوەی لە حەماسەوە بینیوومە، جێگەی نیگەرانییە و بە تەواوی قبووڵ نەکراوە."
 
ئەمەش لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک هات لەلایەن رۆیتەرزەوە، کە لەزاری ویتکۆفەوە رایگەیاندبوو، حەماس بە پێشنیازەکەی ئەو بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە رازی بووە، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە. 
 
بە گوێرەی دوایین زانیاریی ئیسرائیل؛ لەو 58 بارمتەیەی لە غەززە ماون؛ نزیکەی 20 بارمتەیان هێشتا زیندوون و کوژرانی 34یشیان پشتڕاست کراوەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە