سعودیه رێگە بە حاجیانی ئێرانی نادات لە مەککە و مەدینە دەنگ بدەن

26-06-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێت، ئاگادار کراونەتەوە کە سعودیە رێگەی نەداوە حاجییانی ئەو وڵاتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە مەککە و مەدینە دەنگ بدەن.
 
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-06-2024 لەلایەن لیژنەی نێردراوی حەجی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سعودیە، ئاگادار کراونەتەوە کە ئەو وڵاتە رێگە نادات بە حاجییانی ئێرانی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە لە رۆژی هەینی 28ی حوزەیران، بەشدار بن و دەنگبدەن.
 
ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ دانانی سندووقەکانی دەنگدان لە دوو شاری مەککە و مەدینە، بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەو لیژنەیە و بەپێی ئەو بڕیارەی سعودیە، رۆژی هەینی زیاتر لە 47 هەزار حاجیی ئێرانی، لە دەنگدان بێبەش دەبن.
 
نزیکەی 88 هەزار هاووڵاتیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە حەجی ئەم ساڵ بەشدار بوون. بەگوێرەی رێکخراوی حەجی ئێران، تاوەکو رۆژی هەینی نزیکەی 41 هەزار کەس لەو حاجییانە دەگەڕێنەوە و 47 هەزاریشیان چاوەڕوانی گەڕانەوە دەبن.
 
ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێت، پێشتر لیژنەی نێردراوی حەجی رێبەری کۆماری ئیسلامی داوای کردبوو سندووقەکانی دەنگدان لە دوو شاری مەککە و مەدینە دابنرێن بۆ بەشداریکردنی حاجییان لە هەڵبژاردن، بەڵام دوای رەتکردنەوەی پێدانی مۆڵەت لەلایەن سعودیەوە، ئەو بڕیارە راگیراوە.
 
رۆژی هەینی 28ی حوزەیران، چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەدەچێت و شەش کەس بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، لەوانە پێنجیان سەر بە لایەنی نەریتخوازی کۆماری ئیسلامی و یەک کەسیشیان سەربە ریفۆرمخوازانە. 
 
ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممەی وەک دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریکردووە و سبەی هەینی دەنگدان بە چواردەیەمین سەرۆککۆماری ئێران دەستپێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە