سەرۆکی سووریا: ئەگەر فیدراڵیزم بە واتای دابەشبوون بێت، پەسند نییە

26-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سووریا دەڵێ، ستراتیژییەتی حکومەتی وڵاتەکەی بریتییە لە "سفرکردنەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر فیدراڵیزم یان ناناوەندی بە واتای دابەشبوون بێ، ئەوا لای ئەوان پەسند نییە.
 
رۆژی سێشەممە، 26ی ئابی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای سعودیە باسی لە هەندێ پرسی پەیوەندیدار بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد.
 
شەرع رایگەیاند: "ئەگەر فیدراڵیزم یان ناناوەندی بە واتای دابەشبوون بێ، ئەوە پەسند نییە. هەر سیاسەتێک کە ئامانجی جۆرێک لە دابەشکاری بێ لە سووریا، سەرکەوتوو نابێت."
 
سەرۆکی سووریا سەبارەت بە هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند: "ئەگەر ئامانج مافەکانی کورد بێ، پێویست بە دڵۆپێک خوێن ناکات، چونکە ئەو مافانە لە دەستووردا دەبن. بەڵام پشکپشکێنە قبووڵکراو نییە." 
 
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بە رێککەوتنی 10ی ئاداری ئەم ساڵ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە پەسندە و وەک سەرچاوەیەک بۆ دیالۆگ سەیر دەکرێ.
 
کاتێک پرسیاری لەبارەی هەڵوێستی سووریا لەسەر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لێکرا، ئەحمەد شەرع چوونە نێو رێککەوتنی ئەبراهامی رەتکردەوە و ئاماژەی بە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان سووریا و ئەو وڵاتانە کرد کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکردووە. 
 
شەرع گوتی: "رێککەوتنەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەدا بوون کە ناکۆکییان نییە و دراوسێ نین. دۆخی سووریا جیاوازە. ئێمە گۆلانمان هەیە کە خاکی داگیر کراوە."
 
سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، شەرع گوتی: "سووریا بەهۆی کردەوەکانی رژێمی پێشوو و هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەری، لە گۆشەگیرییدا بووە، بەڵام بەشداریکردنم یەکێکە لە مانشێتە گەورەکان کە ئاماژەیە بۆ راستکردنەوەی هەڵوێستەکان بەرامبەر سووریا."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە